ئەو نیشانانەی دەریدەخەن كەسێك یادەوەریی لە دەست داوە چین؟

:: PM:03:13:22/11/2025 ‌
كاتێك مرۆڤ تەمەنی هەڵدەكشێت، ئاساییە كە هەندێك شتی لە بیر چووبێتەوە، بۆ نموونە لەبیرچوونی شوێنی چێشتخانەیەكی نوێ لە ناوچەكەی، یان چاوێلكەكەی لە كوێ داناوە و شوێنەكەی لە بیر دەچێت، یاخۆ هەر شتێكی لەو شێوەیە، هەموو ئەوانە بۆ كەسانی بەساڵاچوو ئاسایین و بە لەدەستدانی بیرەوەری هەژمار ناكرێن، بەڵام هەندێك شتی تر هەن كە نیشانەن بۆ لەبیرچوونەوە، نموونەیان كەسەكە شوێنی ماڵی خۆی پێ نەزانێت، یان ناوی كەسە نزیكەكانی خۆی لە بیر بچێت.

بەشی تەندروستیی پێگەی ئەلیكترۆنیی "شەرق ئەوسەت" كە رۆشنایی خستووەتە سەر لەدەستدانی بیرەوەری، پشتی بە پێگەی "هاڤ پۆست" بەستووە كە راپۆرتێكی لەوبارەیەوە بڵاو كردووەتەوە، تێیدا پزیشكانی پسپۆری بوارەكە قسەیان بۆ كردووە و ئاماژە دەدەن، ئاساییە كاتێك مرۆڤ تەمەنی هەڵدەكشێت و هەندێك شتی ئاسایی لە بیر دەچێتەوە، بەوە ناگوترێ لەدەستدانی بیرەوەری، چونكە لەدەستدانی بیرەوەریی رژد پێوەندیی بە هەندێك شت هەیە وەك نەناسینی ماڵی خۆتان، یان لەبیرچوونەوەی ناوی كەسە زۆر نزیكەكانتان، لەوكاتەدا پێویستە سەردانی پزیشك پسپۆر بكرێت.

باس لەوە كراوە كە مرۆڤ بە تێپەڕبوونی تەمەنی، بۆ نموونە ئاساییە شوێنێ چێشتخانەیەكی نوێ لە ناوچەكەیان لە بیر بكات، یان لە بیری بچێت چاوێلكەكەی یان پێنووسەكەی لە كوێ دانابێت، راستە ئەوە نیگەرانی دروست دەكات، بەڵام نابێتە هۆی دڵەڕاوكێ، چونكە بەسەرچوونی تەمەن ئەو جۆرە شتانە دروست دەكات. واتە هەموو ئەوانە پێیان ناگوترێ لەدەستدانی بیرەوەری.

مایكڵ روزنبلۆم كە پزیشكی پسپۆری بواری مێشكە دەڵێت، مرۆڤ لە تەمەنی 30 ساڵییەوە بەشێك لە شانەكانی مێشكی لە دەست دەدات، لەو تەمەنەوە بەرەو سەرووتر، ئاساییە كە توانای بۆ فێربوون و بیرەوەری لاواز بێت، چونكە مرۆڤ كاتێك گەنجە و لە قۆناغی خوێندندایە، دەتوانێ تەواوی زانیارییەكان وەربگرێت، بەوەیش سیستمی وزەی لەوپەڕی بەهێزیدایە، بەڵام كە لەڕووی تەمەنەوە گەورەتر بوو، ئەوكات پێویستیی بەو زانیارییانە نابێت كە لە قۆناغی قوتابیدا پێویستی پێیانە، بۆیە ئاساییە ئەگەر مرۆڤ لەو تەمەنە حەزی بۆ فێربوون لاوازتر ببێتەوە، بەوەیش بەشێك لە بیرەوەرییەكانی لە دەست دەدات یان بیرەوەریی لاوازتر دەبێت.

كاتێك مۆبایل و كۆمپیوتەری ساڵانێك بەرلە ئێستە و بەراورد بەو مۆبایل و كۆمپیوتەرانەی ئێستە بەرهەم دەهێنرێن، لەڕووی گەشەسەندنی تەكنەلۆجیاوە جیاوازیی زۆریان هەیە، بۆیە ئەوانەی پێشتر لەگەڵ ئامێرە كۆنەكان كاریان كردووە، ئەستەمە ئێستە بتوانن بە ئاسانی فێری ئامێرە نوێیەكان بن و ماوەی زیاتریان بۆ فێربوون پێویستە، بەوەیش ناگوترێ لەدەستدانی بیرەوەری، بەڵام ئەگەر كەسەكە بەهیچ شێوەیەك نەیتوانی هەر شتێكی نوێ فێر بێت، ئەوكات جێگەی دڵەڕاوكێیە و نیشانەیەكە بۆ لەدەستدانی بیرەوەری. لەوكاتەدا پێویستە سەردانی پزیشكی پسپۆر بكات.

یان ئەگەر كەسێك گفتوگۆیەكی كۆنی لە بیر چووبێت، ئاساییە، بەڵام ئەگەر لە ماوەی چەند سەعاتێكدا گفتوگۆی كردبێت و لە بیری بچێتەوە، ئەوكات هی دڵەڕاوكێیە و واتە تووشی لەدەستدانی بیرەوەری بووە.

دواتریش نموونە بەوە دێننەوە ئەگەر كەسێك جارجارە هەمان قسە یان هەمان چیرۆك، بۆ كەسێكی دیاریكراو دووبارە و سێ بارە بكاتەوە، رەنگە تا ئاستێك ئاسایی بێت، بەڵام لە ماوەی چەند سەعاتێكدا هەمان چیرۆك بۆ كەسەكە دووبارە و سێ بارە بكاتەوە، واتە تووشی لەدەستدانی بیرەوەری بووە.

 


وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د