زۆر كەس رۆژانە پەنا بۆ خواردنەوەی قاوە دەبەن، هەیە لەسەری راهاتووە و هەیشە وەك وریاكەرەوە پشتی پێ دەبەستێت، رەنگە لە هەندێك حاڵەت وەك بەرزیی پەستانی خوێن یان كێشەكانی گورچیلە ئەو پرسیارە بكرێت، ئاخۆ كاریگەریی خواردنەوەی قاوە لەسەر ئەوانە چی بێت؟
ماڵپەڕی
"ڤێری ویڵ هیڵس"، ئاماژە دەكات كە بەپێی چەند توێژینەوەیەك قاوە مەترسیی تووشبوون بە كێشەی درێژخایەنی گورچیلە زیاد ناكات، جیا لەوە بەهۆی ئەو دژەئۆكسێنەرانەی تیایدایە سوودی بۆ تەندروستی هەیە، مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییەكانی دڵ و شێرپەنجە و شەكرە كەم دەكاتەوە، بەڵام رێنوێنی بەوانە دەدرێت كە بەرزیی پەستانی خوێن و بەردی گورچیلەیان هەیە كە دەبێت وریا بن.
بەپێی داتاكان قاوە رۆڵێكی پارێزەری بۆ تەندروستیی مرۆڤ هەیە، توێژینەوەیەك لە 2022 باسی ئەوە دەكات كە خواردنەوەی هەر بڕێكی رۆژانەی قاوە مەترسیی تووشبوون بە كێشەی گورچیلە بە رێژەی 15% كەم دەكاتەوە، لەوانە خواردنەوەی رۆژانەی دوو بۆ سێ كووپ بە رێژەی 22 بۆ 23% كەم دەكاتەوە، بەڵام لە كەسانی بەتەمەنداچوو و قەڵەو یان ئەوانەی كێشەی میتابۆلیسمیان هەیە، كاتێك زیاتر لە دوو كووپی رۆژانەی قاوە دەخورێتەوە فەرمانەكانی گورچیلە لاواز دەبێت.
جیا لەوەی قاوە سەرچاوەیەكی ئۆكساڵاتە، واتە دەبێتە هۆی دروستبوونی بەردی ئۆكساڵاتی كالیسیۆم، كە بڵاوترین جۆری بەردی گورچیلەیە، بۆیە رەنگە لەوانەی كێشەی دروستبوونی بەردی گورچیلەیان هەیە، قاوە ئەو مەترسییە زیاتر دەكات و دەبێت كەمتری بخۆنەوە.