واز لە جگەرەیش بهێنیت تا 30 ساڵ كاریگەریی دەمێنێت

:: AM:11:52:25/11/2025 ‌
توێژینەوەیەكی ئەمدواییەی ئەمەریكی ئاشكرای كردووە، تەنانەت ناوبەناو و سنوورداركردنی جگەرەكێشان، دەتوانێت ببێتە هۆی كێشەی جەڵتەی دڵ.

ئەمرۆ سێشەم 25ـی تشرینی دووەم، بەپێی نوێترین توێژینەوە بڵاو كراوەتەوە، توێژەرانی چەندان دامەزراوەی توێژینەوەی ئەمەریكی، لەناویاندا سەنتەری "جۆنز هۆپكینز" بۆ خۆپاراستن لە نەخۆشییەكانی دڵ و خوێنبەرەكان ڕایان گەیاندووە، كێشانی دوو بۆ پێنج جگەرە لە ڕۆژێكدا، ئەگەری تووشبوون بە جەڵتەی دڵ و مردن زیاد دەكات.

توێژەران ئەنجامی 22 توێژینەوەیان شی كردەوە كە بەدواداچوونیان بۆ تەندروستی زیاتر لە 300 هەزار كەسی پێگەیشتوو كردووە لە ماوەی 20 ساڵدا.

توێژینەوەكە كە لە گۆڤاری زانستی PLOS Medicine بڵاو كراوەتەوە، دەركەوتووە ئەو كەسانەی ڕۆژانە لە نێوان دوو بۆ پێنج جگەرە دەكێشن، ئەگەری تووشبوونیان بە نەخۆشییەكانی دڵ بە ڕێژەی 50% زیاترە، ئەگەری مردنیان بە بەراورد بەو كەسانەی جگەرە ناكێشن، بە ڕێژەی 60% زیاترە.

توێژینەوەكە ئاماژەی بەوە كردووە كە مەترسییەكە دوای 10 ساڵ لە وازهێنان لە جگەرەكێشان بەشێوەیەكی بەرچاو كەم دەبێتەوە، هەرچەندە كاریگەرییە زیانبەخشەكانی جگەرەكێشان لەسەر تەندروستی، دەتوانێ تا 30 ساڵ دوای وازهێنان بەردەوام بێت.

توێژەرانی بەشدار لە توێژینەوەكەدا ڕایان گەیاندووە، ڕوونە كە جگەرەكێشان مەترسییەكی بەرچاوی دڵ و خوێنبەرەكان دروست دەكات، تەنانەت ئەگەر كێشانی جگەرە كەمتریش بێت.




وشە - رامیار جەواد