یەكێك لە كێشە بڵاوەكانی پیاوان لەگەڵ چوونە ناو تەمەن ئاوسان و هەوكردنی پرۆستاتە، لە حاڵەتی نائاساییش شێرپەنجەی پرۆستاتە، رەنگە ئەو پرسیارە بكرێت ئاخۆ هەوكردنی پرۆستات لە كاتی پێوەندیی سێكسییەوە بۆ ژن دەگوازرێتەوە؟
د. حەسەن عەبدولرەحمان پزیشكی راوێژكاری نەخۆشییەكانی رێڕەوی میز ئاماژە دەكات كە هەوكردنی پرۆستات نەخۆشییەكی نەگوازراوەیە بۆ ژن، تەنیا لە یەك حاڵەت نەبێت، ئەویش هۆكاری هەوكردنەكە تووشبوونی پیاوەكەیە بە یەكێك لە نەخۆشییە گوازراوەكان لە رێگەی سێكسكردنەوە، لەوانە كلامیدیا و سیلان و زوهری.
روونی كردەوە، بۆیە پێویستە ژن ئاگەداری ئەوە بێت ئاخۆ هاوسەرەكەی ئەو نەخۆشییەی هەیە و هۆكاری هەوكردنەكەی چییە؟، ئەگەر دەركەوت هۆكارەكەی وەك باس كرا بەهۆی نەخۆشییە سێكسییەكانە، دەبێت لە پرۆسەی سێكسكردن بوەستن، تەنانەت تا دوای نەمانی نیشانەكانی هەوكردنیش، پێویستە پیاوەكە پشكنینی پێویست بكات بۆ دڵنیابوون لە نەمانی حاڵەتەكە و بۆ پاراستنی هاوسەرەكەی.
رەنگە ئەو پرسیارە بكرێت ئاخۆ چۆن پیاوان دەزانن تووشی هەوكردنی پرۆستات بوونە؟، حاڵەتەكە چەند نیشانەیەكی هەیە لەوانە سووتانەوە لە كاتی میزكردن و زەحمەتی یان سستیی میزكردن، زۆر میزكردن، بەتایبەتی لە شەوان و شێلوبوونی رەنگی میز و هاتنی بۆنی ناخۆش لێوەی و هەندێك جار دەركەوتنی خوێن لە میزدا.