زانایانی بواری مێشك لە توێژینەوەیەكی نوێدا بەوە گەیشتوون، مێشكی مرۆڤ لە ژیانیدا بە پێنج قۆناغ تێدەپەڕێت، ئەوەیش لە نۆ ساڵییەوە دەست پێ دەكات تا دەگاتە سەرووی 80 ساڵی. قۆناغی هەرزەكاریش لە نۆ ساڵی دەست پێ دەكات و تا 33 ساڵی بەردەوام دەبێت.
پێگەی "شەفەق نیوز" ئەمڕۆ چوارشەم 26ی تشرینی دووەم بڵاوی كردووەتەوە، توێژەران لە زانكۆی كامبریدج لە توێژینەوەیەكی نوێدا لەبارەی قۆناغەكانی ژیانی مرۆڤ و كاركردنی مێشك، بە پێنج قۆناغ دیاری كردووە كە ئەویش لە منداڵی تا دەگاتە پیری و سەرووی 80 ساڵ، بۆ ئەوەیش قۆناغی هەرزەكارییان لە نۆ ساڵییەوە تا سەرەتای 33 ساڵی دەستنیشان كردووە.
توێژەران لە توێژینەوەكەیاندا، پشتیان بە چوار هەزار كەس بەستووە كە لە تەمەنی منداڵییەوە دەست پێ دەكات تا دەگاتە 90 ساڵی، بۆ ئەوەیش مێشكی مرۆڤیان بە پێنج قۆناغ دەستنیشان كردووە كە لە نێوان قۆناغەكاندا گۆڕانكاری بە مێشكی مرۆڤ دێت.
توێژەران لەبارەی قۆناغەكانەوە دەڵێن، قۆناغی یەكەم لە لەدایكبوون تا نۆ ساڵییە. قۆناغی دووەم لە نۆ ساڵییەوە تا 33 ساڵی بەردەوام دەبێت. قۆناغی سێیەم كە پێگەیشتنە لە 32 ساڵەوە تا 66 ساڵە. قۆناغی چوارەم كە بە پیریی یەكەم ناوی براوە، لە تەمەنی 66 تا 83 ساڵ بەردەوام دەبێت. قۆناغی كۆتا و پێنجەمیش، لە 83وە دەست پێ دەكات تا سەرووتر و تا مردن.
وەك توێژەران دەڵێن بۆ هەر قۆناغێك لەو قۆناغانە، مێشك و شانەكانی گۆڕانكارییان بەسەر دێت، ئەویش كاریگەریی لەسەر دۆخی دەروونی و تا دەگاتە خڵەفاوی و زەهایمەر لە پیریدا.
رۆشنایی خراوەتە سەر قۆناغی هەرزەكاری كە پێشتر ئەو قۆناغە لە 12 تا 20 ساڵ هەژمار دەكرا، بەڵام بەپێی توێژینەوە نوێیەكە، هەرزەكاری لە تەمەنی نۆ ساڵییەوە دەست پێ دەكات تا دەگاتە 33 ساڵ، ئەویش بەپێی گۆڕانكارییەكانی مێشك لەو قۆناغە.
دكتۆر مۆزلی كە پزیشكە و یەك لەو توێژەرانەیە و دەڵێت قۆناغی هەرزەكاری، گۆڕانێكی گەورە لە مێشكدا دروست دەبێت و هەرزەكار زیاتر لە ژیانی قووڵ دەبێتەوە، بۆ ئەوەیش مەترسی لەسەر تەندروستیی دەروونیش دەبێت، بۆیە قۆناغەكە بۆ سەرووی 30 ساڵ درێژ دەبێتەوە.