ئەمڕۆ رۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشیی ئایدزە، لە هەرێمی كوردستانیش تووشبووی ئایدز هەیە، بەڵام ئەوەی جێگەی دڵخۆشییە ژمارەی تووشبووان هێندە كەمە، زۆر لە خوار ئاستی ستانداردە جیهانییەكانە.
ساڵی رابردوو د. سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە "وشە"ی راگەیاند، ئایدز نەخۆشییەكی دەرئەنجامییە كە هیچ نیشانەیەكی نییە و رەنگە كەسی هەڵگر دوای چەند ساڵێك، بۆ دەربكەوێ كە هەڵگری ئایدزە.
ڕوونیشی كردەوە كە ئەو نەخۆشییە لە كوردستان باو نییە، بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا حكوومەتی هەرێمی كوردستان كار لەسەر پلانی رووبەڕووبوونەوەی دەكات.
باسی لەوەیش كرد كە روونە ئایدز لە ڕێگەی چییەوە دەگوازرێتەوە، ئێستە پرۆگرامی بەرەنگاربوونەوەی ئایدز بەهێز دەكەین و پشكنین بۆ هەموو ئەوانە دەكرێت كە هاوسەرگیری دەكەن یان هەر پشكنینێكی خوێن دەكەن، خراونەتە چوارچێوەی ئەو پرۆگرامە بۆ ئەوەی ڤایرۆسەكە بدۆزرێتەوە.
سامان بەرزنجی ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە 72 حاڵەتی ئایدز لە كوردستان تۆمار كراوە، لەناو ئەوانە 20 كەسی خەڵكی كوردستانن و لە ژێر چاودێری توندی پزیشكی دەبن، ئەوانەی تریش كە بیانین رەوانەی وڵاتەكەی خۆیان كراونەتەوە.
ئایدز، بریتییە لە بارێكی درێژخایەنی هەڕەشەكەر بۆ سەر ژیان، بەهۆی ڤایرۆسەی بێ هێزكەری سیستمی بەرگریی "ئێچ ئای ڤی" دروست دەبێت كە هێرش دەكاتە سەر خانەی '' T'' یاریدەدەر و لە كاری دەخات، بەهۆی تێكشكاندنی سیستمی بەرگری، "ئێچ ئای ڤی" كار دەكات لەسەر توانای جەستە لە جەنگان لە دژی نەخۆشیی ڤایرۆس و بەكتریا.. هتد.
نیشانەكانی نەخۆشیی ئایدز.
نیشانەكانی دەوەستێتە سەر قۆناغی نەخۆشییەكە:
قۆناغی زوویی نەخۆشییەكە: لە سەرەتای تووشبوون بە نەخۆشی ئایدز، لەوانەیە هیچ نیشانەیەك بە دیار نەكەوێت، بەڵام دوای دوو بۆ چوار هەفتە لەوانەیە نیشانەكانی هاوشێوەی نیشانەكانی هەڵامەت بەدیار بكەون.
نیشانەكان ئەمانەی خوارەوەن:
تا، ژانەسەر، ئازاری گەروو، هەڵئاوسانی گرێی لیمفاوی، سوورهەڵگەڕان.
هەرچەندە ئەگەر كەسی تووشبوو ئەم نیشانانەی نەبوو، ئەوا هەر توانای گواستنەوەی نەخۆشییەكەی هەیە.
قۆناغەكانی دواتر: كەسی تووشبوو لەوانەیە هیچ نیشانەیەكی نەبێت تا هەشت بۆ نۆ ساڵ یا زیاتر، بەڵام هەر كە ڤایرۆسەكە لەناو جەستە بەردەوام بوو لە زۆربوون و تێكشكاندنی خرۆكە سپییەكانی خوێن و خانەی "T" تاریدەدەر، ئەوا ئەو كاتە لەوانەیە كەسی تووشبوو ئەم نیشانانەی خوارەوەی هەبێت كە باسمان لێوە كردن.
لە كۆتا قۆناغدا: ماوەی قۆناغی كۆتایی نەخۆشییەكە، بە نزیكەی دوای 10 ساڵ یان زیاتر لە تووشبوون بە نەخۆشییەكە، ئەوكات نیشانەی زۆر سەخت دەست پێ دەكات.
لە كاتی تووشبوون بە نەخۆشییەكە، سیستمی بەرگریی لەش تەواو تێكدەشكێنرێت، ئەوكات كەسی نەخۆش زۆر لەبار دەبێت بۆ تووشبوون بە نەخۆشیی تر، نیشانەكانی هەندێك لە نەخۆشییەكان بریتین لە:
ئارەقەكردنێكی خنكێنەر لە كاتی شەو، تاو و لەرزێكی زۆر بۆ ماوەی چەندان هەفتە، سكچوونێكی درێژخایەن، برینی سپی لەسەر زمان بۆ ماوەی درێژ، ژانەسەر، تێكچوون و لێڵبوونی بینایی، بێ تاقەتییەكی زۆر و درێژخایەن و هۆكار نادیار، هەروەها كەسی تووشبوو زیاتر لەبارە بۆ تووشبوون بە هەندێك جۆری شێرپەنجە وەك گرێی لیمفاوی و ملی منداڵدان.
هۆكارە مەترسیدارەكان بۆ تووشبوون چین؟
جووتبوونی ناپارێزراو لەگەڵ زۆر كەس.
جووتبوون لەگەڵ كەسێك كە تووشی نەخۆشییەكە بووە.
هەبوونی نەخۆشیی ئایدز لە كەسی خوێنبەخشەر.
بەكارهێنانی دەرزی كەسێكی تووشبوو.
منداڵی لە دایكبووی دایكێكی تووشبوو.
باشترین چارەسەر بۆ رێگرتن لە بڵاوبوونەوەی ئەم نەخۆشییە، بریتییە لە هۆشیاریی تەندروستی و چارەسەری و خۆپاراستن.
هەرچەندە هەوڵە جیهانییەكان لە دژی ڤایرۆسی HIV سەركەوتوو بوون و رێژەی تووشبوون بەو جۆرە ڤایرۆسە دابەزیوە، بەڵام هێشتا رێكخراوی تەندروستیی جیهانی بە مەترسییەكی گەورە بۆ سەر دنیا هەژماری دەكات. 39 ملیۆن و 900 هەزار كەس لە دنیا ئایدزیان هەیە كە نیوەی ئەوان لە ئەفریقان.