رەنگە زۆر كەس تێبینی ئەوەیان كردبێت كە بەیانیان بەر لەو ساتەی زەنگی كاتژمێر یان مۆبایلەكەیان دانابێتەوە بۆ لەوخەو هەستان، ئەوان خەبەریان بووەتەوە، شارەزایان ئاماژە دەكەن ئەو بابەتە پێوەندیی بە كاتژمێری بایۆلۆجیی لەش و دەركەوتنی تیشكی رووناكی و دزەكردنی بۆ ناو چاو هەیە، وا دەكەن مرۆڤ بەر لە ساتی دیاریكراو خەبەری ببێتەوە.
لە 1997 رووپێوییەك بە بەشداریی 269 كەس لە ئەمەریكا كرا و دەركەوت كە 75%ی ئەوان هەندێكجار پێش زەنگی ئاگەداركرەوە خەبەریان دەبێتەوە، 25%شیان رۆژانە رێكوپێك بێ پێویستی دانانەوەی كاتژمێر خەبەریان بووەتەوە، وەك ماڵپەڕی رۆژنامەی
"نیویۆرك تایمز"ی ئەمەریكی ئاماژە دەكات، شارەزایان پێیان وایە لێكدانەوەی ئەو حاڵەتە بریتییە لە كاتژمێری بایۆلۆجی كە لە مێشك هەیە، ئەو كۆنترۆڵی پێوەستبوونی لەش بە كات دەكات و كاتی بێداری و خەواڵوویی دیاری دەكات.
هەروەها رووناكی رۆڵێكی گرنگی هەیە، كاتێك خانەكانی چاو هەست بە گۆڕانكاریی ئاستی رووناكی دەكەن، لەوانە رووناكی بەیانیان كە تەنانەت بەناو پێڵووی داخراوی چاو تێپەڕ دەبێت، ئەوان ئاماژە بۆ مێشك رەوانە دەكەن بەوەی خەریكە بەیانی دادێت و مێشكیش هانی دەردانی هۆرمۆنەكانی وەك كۆرتیزۆل و ئەدرینۆ كۆرتیكۆترۆبین دەدات و پەستانی خوێن بەرز دەبێتەوە وەك ئامادەسازییەك بۆ هەستان لە خەو.
بەڵام رەنگە ئەو حاڵەتە هەموو جارێك روونەدات، تەنانەت ئەوانەی كە بەڕێكوپێكی بەسەریاندا دێت، بەتایبەتی لە كاتی شەكەتی و ماندووبوونی زۆر، دەكرێ خەو بەسەر كاتژمێری بایلۆجی ناوەوەی لەش زاڵ ببێت، هاوكات هەندێك جار نیگەرانیی لەبارەی بەخەبەرنەهاتن یان پێویستیی هەستان لە كاتێكی دیاریكراو وا بكات مرۆڤ بەر لەو كاتە بە ماوەیەك خەبەری ببێتەوە.