بۆ ئەوەی تووشی كێشەی پەنكریاس نەبیت

:: PM:04:47:02/12/2025 ‌

وەك دەگوترێت پیری لە پەنكریاسەوە دەست پێ دەكات و كاركردنی بێ وەستانی، كار دەكاتە سەر فەرمانەكانی میتابۆلیسم و ئەندامەكانی لەش، رەنگە ئەو پرسیارە بكرێت كە چۆن رێگە لە پیری و دەركەوتنی نیشانەكانی دەگرێت؟، زانایان توێژینەوەی زۆریان لەوبارەوە كرد، دەركەوت كە پیری لە پەنكریاسەوە دەست پێ دەكات، واتە یەكەم ئەندامی لەشە پیربوونی لەسەر بەدەر دەكەوێت.  

د. مارك گادزیان پسپۆڕی پزیشكی گشتی و نەشتەرگەریی رێڕەوی میز دەڵێت، پەنكریاس دوو ئەركی سەرەكی بەجێ دەگەیەنێت، بەرهەمهێنانی ئەنزیمەكان بۆ هەرسكردنی چەوری و پرۆتین و كاربۆهیدرات و رێكخستنی ئاستی شەكرە لە خوێن لە رێگەی هەردوو هۆرمۆنی ئەنسۆلین و گلوكاگۆن، بۆیە ئەوكاتەی بێ وەچان و وەستان كار دەكات، شەكەت دەبێت و كار لە فەرمانی میتابۆلیسم و ئەندامەكانی تری لەش وەك جگەر و ریخۆڵە و لوولەكانی خوێن و كۆئەندامی دەمار دەكات. 

ئەو پزیشكە ئاماژە دەكات كە كێشەكە لەوەدایە زیانگەیاندن بە پەنكریاس لە چەند خووێكی بەیانیاندایە كە زۆرێك وا دەزانن زیانیان نییە، وەك:

*خواردنی ژەمێكی دەوڵەمەند بە شەكر لە بەیانیان، وەك كێك و شوكولاتە و سیریەڵ و شیر و هەویركاری و نان و سەموونی سپی و شەربەت، كە زیانێكی گەورە بە پەنكریاس دەگەیەنن، چونكە دەبنە بەرزبوونەوەی رێژەی شەكر لە خوێن و وا دەكەن لەش ئەنسۆلین بەرهەم بێنێت و بەوەش پەنكریاس شەكەت دەبێت، بۆیە بە تێپەڕبوونی كات خانەكانی پەنكریاس ماندوو دەبن و بەرهەمهێنانی ئەنسۆلین كەم دەكات و ئەو كەسە دەگاتە قۆناغی پێش شەكرە یان تووشی نەخۆشی شەكرە دەبێت. 

*خواردنی بەردەوامی ژەمە سووكەكان، رەنگە وەك رێگەیەكی تەندروست رێنوێنی بكرێت بە خواردنی ژەمی سووك و بەردەوامی رۆژانە، كەچی ئەوە بۆ پەنكریاس ناتەندروستە، چونكە هەر ژەمێك هانی بەرهەمهێنانی ئەنسۆلین دەدات و بەهۆی زۆری ژەمەكانەوە كێشە بۆ پەنكریاس دروست دەبێت و ئەو كەسە تووشی شەكەتییەكی درێژخایەن و خەواڵوویی و زیادبوونی كێش دەبێت، پێویستە سێ بۆ چوار سەعات لە نێوان ژەمەكان هەبێت.

*خواردنەوەی قاوە لەسەر گەدەیەكی بەتاڵ، گوشار دەخاتە سەر گەدە و كۆئەندامی هەرس، چونكە كافایینی ناو قاوە هانی دەردانی ئاوگی گەدە دەدات و ترشایی زیاد دەكات، ئاستی كۆرتیزۆل، واتە هۆرمۆنی رارایی زیاد دەكات و ئەوەش پەنكریاس ناچار دەكات لەژێر گوشاری زۆر كار بكات و ئەنزیم و هۆرمۆنەكان بێ بوونی خۆراك بەرهەم بێنێت.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل