ئەو هۆكارانەی دەبنە هۆی ئازاری لایەكی سەر

:: AM:11:40:03/12/2025 ‌
پزیشكێكی پسپۆر لە بواری مێشك و بڕبڕە، زانیاریی لەبارەی نەخۆشیی ئازاری لایەكی سەر بڵاو كردووەتەوە كە هۆكارگەلێك بۆ ئەو نەخۆشییە هەن، لە سەرجەمیان زیاتر ئەو جۆرە سەرینەیە كە نەخۆش بەكاری دێنێت.

پێگەی "شەفەق نیوز" رۆشنایی خستووەتە سەر نەخۆشیی ئازاری لایەكی سەر كە لە زمانی عەرەبیدا پێی دەگوترێت "صداع النصفی". لەوبارەیەوە ئەندریە راتینۆڤ پزیشكی پسپۆر لە بواری مێشك و بڕبڕە ئاماژەی داوە، ئازاری لایەكی سەر لەسەر ئاستی دنیادا خەڵكێكی زۆر تووشی دەبن، ئازارەكەی توندە و هەندێك جاریش درێژخایەن دەبێت، بۆ ئەوەیش هۆكارگەلێك هەن بۆ تووشبوون بەو نەخۆشییە.

ئەو پزیشكە زیاتر دەڵێت، ئازاری مل یەك لە هۆكارە شاراوەكانە، بۆ ئەوەیش زۆرجار لە ملەوە دەست پێ دەكات بەتایبەتی كە مل بۆ لایەكی جەستە خوار دەكرێتەوە و كێشە بۆ پشتی سەر دروست دەكات و دواتر كەسەكە هەست بە قورسی سەر دەكات.

لەبارەی ئازاری مل زیاتر روونی دەكاتەوە، 90%ی ئازاری مل فاكتەری زۆرە، بۆ نموونە زۆر دانیشتن لەسەر مێز و خواركردنەوەی مل بەرەو پێشەوە، ئەوەیش وا دەكات كێشە بۆ هاتوچۆی خوێن دروست بێت، بەپێی كات و جۆری كارەكە، حاڵەتەكە زیاتر گەشە دەكات و ئازارەكە دەبێتە درێژخایەن و ئازاری لایەكی سەر.

د. راتینۆڤ ئەوەشی گوت، هۆكارێكی تر جۆری ئەو سەرینەیە كە نەخۆش بەكاری دێنێت، ئەگەر سەرینەكە بەرز بێت یان زۆر نەرم بێت، مل ماندوو دەكات و تووشی سەرئێشە دەبێت، هاوكات بە درێژایی خەوتنەكەی ملی خوار دەكاتەوە، ئەوەیش وا دەكات ماسولكەكان لەبری ئەوەی ئاسوودە بن، بەپێچەوانەوە تووشی ئازار دەبن. بەپێی كاتیش دەبێتە هۆی ئازاری لایەكی سەر.

ئاماژەی بەوەش دا كە خەوتن لە شەوان تا بەیانی لەسەر سەرینی ناجۆر بەتایبەتی بەرز و زۆر نەرم، تووشی سەرئێشەی درێژخایەنتان دەكات، هەروەها دەبێتە هۆی سڕبوونی پەنجەكانی دەست. بۆیە زۆر گرنگە جۆری سەرینەكە بێتە گۆڕین و 60 تا 70% ئازارەكە كەمتر دەكاتەوە، ئەوەیش رۆڵی زۆری لە كەمبوونەوەی نەخۆشیی ئازاری لایەكی سەر هەیە.



وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د