كاتێك سەرما زیاتر دەبێت و خەڵكێكی زۆر تووشی ئەنفلەوەنزا دەبن، بۆ كەمكردنەوەی كاریگەرییەكی ئەو پەتایە، خۆراك رۆڵی سەرەكی دەبینێت و هەندێك خۆراك هەن گرنگە لەوكاتەدا لێیان دوور بكەونەوە. هاوكات هەندێك خۆراكی تریش هەن بۆ چارەسەری پەتاكە رۆڵی ئەرێنی دەبینن، بۆیە پزیشكێك لەوبارەیەوە زانیارییەكانی دەخاتەڕوو.
پێگەی ئەلیكترۆنیی رۆژنامەی رۆژانەی "ئەهرام"ی میسری، زانیارییەكانی لە رۆژنامەی "ریاڵ سیمپڵ" وەرگرتووە كە دانا هەندرسۆن پسپۆر لە بواری خۆراك قسەی بۆ رۆژنامە كردووە، ئاماژەی داوە كە كاتێك مرۆڤ تووشی پەتای ئەنفلەوەنزا دەبێت، هەندێك خۆراك هەن گرنگە لەوكاتەدا بایەخ بە خواردنیان بدرێت بۆ زووتر چاكبوونەوە، هاوكات هەندێك خۆراكی تریش هەن، پێویستە لە كاتی تووشبوون بەو پەتایە، خۆتانی لێ دوور بگرن.
هەندرسۆن لەبارەی خۆراكە بەسوودەكان لە كاتی تووشبوون بە ئەنفلەوەنزا ئاماژەی داوە، بایەخ بە خواردنی ئەو خۆراكانە بدرێت كە بە دژەئۆكسید دەوڵەمەندن، وەك میوەكان و سەوزەواتەكان، لەگەڵیدا زۆر پێویستە لەوكاتەدا جەستە لە وشكی بپارێزرێت و بە تەڕی بمێنێتەوە. هەموو ئەوانە هۆكارن كە هەرچی زووترە لە پەتاكە رزگار بن.
هەمان پزیشك لەبارەی خۆراكە زیانمەندەكان بۆ ئەنفلەوەنزا، وردتر باسیان دەكات و لەناویاندا ئاماژە بە بەهاراتەكان دەكات، بەتایبەتی بەهاراتە تیژەكان، ئەو جۆرە بەهاراتە كێشە بۆ ئەركی هەرس دروست دەكات و هاوكات هۆكارە بۆ سەكچوون لەكاتی تووشبوون بە پەتاكە، بۆیە ئامۆژگاری دەكات كە لە كاتی پەتاكەدا خۆتان لە خوێ و بەهاراتە تیژەكان دوور بكەنەوە. هاوكات باس لە كافاین دەكات كە بەهەمانشێوە بۆ پەتاكە باش نییە، بەتایبەتی دووركەوتنەوە لە خواردنەوەی قاوە، چونكە كافاینكێشە بۆ خەو دروست دەكات و هەروەها بەرگریی جەستە لاواز دەكات، لەگەڵیدا وا دەكات میز زیاتر بكرێت و ئەوەیش جەستە تووشی وشكی دەكات.
هەروەها ئەو پزیشكە دەڵێت لە كاتی تووشبوون بە پەتاكە، زۆر گرنگە لە خۆراكە چەورەكان دوور بكەونەوە، چونكە ئەو جۆرە خۆراكانە وزە و ئاوی زیاتریان دەوێ بۆ هەرسكردنیان، جیالەوەی چەورییەكان هۆكارن بۆ هەوكردن بەتایبەتی هەوكردنی قوڕگ.