له‌ تاران سێ تۆن گۆشتی به‌ستووی كه‌ر ده‌ستی به‌سه‌ردا گیرا

:: PM:01:46:17/12/2025 ‌
له‌ تاران ده‌ستبه‌سه‌ر سێ تۆن گۆشتی كه‌ر و هێستردا گیرا كه‌ له‌ زه‌رفی تایبه‌تیدا ئاماده‌ كرابوو، بڕیار بوو له‌ ژێر ناوی گۆشتی به‌ستووی گۆلكی به‌رازیلی ساغ بكرێته‌وه‌.

زیاتر له‌ پێنج هه‌زار ستیكه‌ری تایبه‌تی، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ چاپ كرابوو و له‌ كۆگه‌یه‌كی تایبه‌ت به‌ قوتووبه‌ندكردنی گۆشت و به‌رهه‌می خۆراكی ئاماده‌كاری بۆ خستنه‌ڕووی به‌رهه‌مه‌كه‌ ده‌كرا.

دوای پشكنینی گۆشته‌كه‌، ده‌ركه‌وتووه‌ فڕی به‌ گۆشتی گۆلكه‌وه‌ نییه‌ و سه‌رجه‌می گۆشتی كه‌ر یان هێستره‌، به‌ڵام خاوه‌نی كۆگه‌كه‌ تۆمه‌ته‌كه‌ی ره‌ت كردووه‌ته‌وه‌ و گوتوویه‌تی، ئه‌ركی ئه‌وان ته‌نیا ئه‌وه‌ بووه‌ له‌ زه‌رفی تایبه‌تیدا بیپێچنه‌وه‌.

یه‌كێك له‌و هۆكارانه‌ی وایكردووه‌ گومانه‌كه‌ زیاتر بێت، ئه‌و نرخه‌یه‌ له‌سه‌ر گۆشته‌كه‌ دراوه‌ و وا دیاره‌ هه‌وڵ هه‌بووه‌ به‌ نرخێكی هه‌رزانتر به‌خێرایی ساغ بكرێته‌وه‌.

نرخی كیلۆیه‌ك گۆشتی گۆلكی به‌ستووی به‌رازیلی له‌ ئێران 800 هه‌زار تمه‌نه‌، به‌ڵام گۆشتی خۆماڵی به‌ ملیۆنێك و 200 هه‌زار تمه‌نه‌.

له‌ پشكنین به‌ ته‌واوی ئه‌وه‌ سه‌لمێنراوه‌ كه‌ گۆشته‌كه‌ هی كه‌ره‌، بۆیه‌ش دۆسیه‌كه‌ راده‌ستی دادگا كراوه‌ و باس له‌وه‌ كراوه‌ ئه‌وانه‌ی له‌ پشت ئه‌و تاوانه‌ن، به‌ توندی سزا ده‌درێن.


وشە - سلێمان تاشان