خەڵەفان، بەتایبەتی ئەلزەهایمەر، بووەتە یەكێك لە حاڵەتەكانی ئەو سەردەمە و جیا لەوەی هۆكار و چارەسەرییەكەی بەتەواوەتی دیار نییە، تا دێت بازنەی بڵاوبوونەوەی فرەوانتر و تەمەنی تووشبوونی كەمتر دەبێتەوە، پزیشكێكی نەشتەرگەریی دەمار ئاماژە دەكات كە ئەو حاڵەتە كتوپڕ دەرناكەوێت و نیشانەی پێشوەختەی هەیە، لەوانە لەسەر قاچ بەدیار دەكەوێت.
د. ئاروون نایك پسپۆرشی نەشتەرگەری دەمار لە پەیمانگەیەكی هیندستانی دەڵێت، رەنگە لاوازیی ماسولكەكانی قاچ نیشانەیەكی زووی تێكچوونی مێشك و خەڵەفان بێت، كاتێك خامۆشیی جەستەیی دەبێتە هۆی لەدەستدانی بارستەی ماسولكەی لەش، كە بە ساركۆبینیا ناسراوە، ئەوەش مەترسیی تووشبوون بە خەڵەفان زیاتر دەكات.
روونی كردەوە، ماسولكە چالاكەكانی لەش مادەیەكی كیمیایی دەردەدەن بە ناوی " BDNF "، كە تەندروستی مێشك دەپارێزێت و پێوەندییە دەمارییەكان لە مێشك، بەتایبەتی لە ناوچەی پێوەندیدار بە یادەوەری بەهێز دەكات، ئەو پزیشكە دووپاتی كردەوە سستبوونی خێرایی رۆیشتن لە كەسانی بەتەمەن پێوەندی بە قەبارەی مێشك و مەترسییەكی گەورەی لەدەستدانی توانای مێشك هەیە.
ئاماژەی كرد، رۆیشتن تەنیا چالاكییەكی جەستەیی نییە، بەڵكو راهێنانێكی تەواوە بۆ مێشك، كاتێك هاوئاهەنگی لە نێوان بەشەكانی مێشك و دڕكە پەتك دروست دەبێت و سووڕی خوێن و گەیشتنی ئۆكسجین و خۆراك بۆ مێشك و لادانی ژەهەرەكان باشتر دەكات، ئەو پزیشكە رێنوێنی دەدات بۆ پاراستنی مێشك لە خەڵەفان، پێویستە رۆژانە مرۆڤ 30 خولەك رۆیشتن بكات، جیا لە ئەنجامدانی راهێنانی هاوسەنگی وەك وەستان لەسەر یەك قاچ، هاوكات دووركەوتنەوە لە دانیشتنی بەردەوام و بۆ ماوەیەكی دوورودرێژ.