قەڵەوی و زیادیی كێش لە كێشە گەورەكانی مرۆڤایەتین، كەسانێك زۆر لە خۆیان دەكەن و بە بەردەوام وەرزش دەكەن و سیستمی جیاوازی خۆراك تاقی دەكەنەوە، بەو هیوایەی بتوانن كۆنترۆڵی كێشی لەشیان بكەن، كەسانێكیش كێشەی ئەوەیان هەیە بەرانبەر بە هەندێك جۆر خۆراك خۆراك توانایەكی لاوازیان هەیە، بەڵام بۆچی؟
توێژەران ئاماژە دەكەن جۆرە پرۆتینێك هەیە رەنگە لە توێژینەوەكانی تایبەت بە هۆكاری قەڵەوی و زیادی كێش فەرامۆش كرابێت، بەڵام رۆڵی هەیە، رەنگە ئەوەیان هۆكار بێت بۆ لێكدانەوەی بوون یان نەبوونی توانای مرۆڤ لە كۆنترۆڵكردنی خواستی خواردن، واتە كەسانێك ئەو میكانیزمەیان نییە و تیایدا شكست دێنن، وەك راپۆرتێكی ماڵپەڕی " ScienceDaily "ی زانستی باسی كردووە.
بەپێی توێژینەوەیەك لە زانكۆی بێرمنگهام لە بەریتانیا، دەركەوت كە پرۆتینێك بە ناوی " MRAP2"، وەك یاریدەدەرێكی شاراوە و پێویست بۆ كاری سیستمی رێكخستنی ئارەزووی خۆراك و دەرپەڕاندنی وزە لە لەش كار دەكات، لە كاتی تێكچوون و شێوانی كارەكەی، ئەو ئاماژانەی مێشك لە تێربوون ئاگەدار دەكەنەوە، لاواز دەبن و دەبێتە هۆی زۆرخواردن و قەڵەوی و زیادبوونی كێشی لەش.
لەشی مرۆڤ پشت بە تۆڕێكی ئاڵۆزی هۆرمۆن و وەرگرە ئاماژە دەمارییەكانی رێكخستنی ئارەزووی خواردن دەبەستێت، لە گرنگترینیان وەرگرێك بە ناوی " MC3R"، كە رۆڵێكی سەرەكی لە دیاریكردنی ئەوە هەیە كە ئاخۆ لەش ئەو وزەی لە رێگەی خۆراكەوە دێت دەیسووتێنێت یان ئەمباری دەكات، توێژینەوەیەكی نوێ دەری خست كە ئەو وەرگرە بەتەنیا بە باشی كار ناكات و پێویستی بە پاڵپشتیی راستەوخۆی پرۆتینی " MRAP2"، هەیە بۆ ئەوەی ئاماژەكان باشتر بۆ مێشك رەوانە بكات.
ئەوكاتەی هەردوو جۆر پرۆتین لە ناو خانەكانی لەش هاوسەنگن، ئاماژەكان لەبارەی تێربوون و كۆنترۆڵكردنی ئارەزووی خواردن بەهێزتر و رێكخراتر دەبن، لێرە دەردەكەوێت كە هەندێك حاڵەتی قەڵەوی تەنیا پێوەست نییە بە شێوازی ژیان و سیستمی خۆراكەوە، بەڵكو رەنگە پێوەندی بە بوونی كێشەیەكی بۆماوەیی هەیە لە میكانیزمی وردی بایۆلۆجیی بەرپرس لە هەستكردن بە برسیەتی و تێربوونەوە.