كۆبوونەوەی چەوری لەناو سك كە پێی دەگوترێ چەوریی شاراوە، حاڵەتێكی خراپ و مەترسیدارە كە پێوەندیی بە چەندان خووی رۆژانەوە هەیە و بە نائاگایی دەكرێن، نموونەیان تەمبەڵی، خواردنی خۆراكە دروستكراوەكان "خۆراكە لە قوتووكراوەكان"، كەمخەوی و دڵەڕاوكێ و زۆر خووی تر، بۆیە پسپۆرانی بواری خۆراك لەوبارەیەوە حاڵەتەكە روون دەكەنەوە و هاوكات ئامۆژگاری دەخەنەڕوو.
پێگەی "
عەرەبیە" ئەمڕۆ شەموو 20ی كانوونی یەكەم كە لە پێگەی "تایمز ئۆف ئیندیا"ی وەرگرتووە و بڵاوی كردووەتەوە، لە توێژینەوە تەندروستییەكاندا دەركەوتووە، هەندێك خووی رۆژانە هەن كە مرۆڤ لە بێئاگاییدا دەیانكات، بەپێی تێپەڕینی كات دەبنە هۆی كۆبوونەوەی چەوریی خراپ لەناو سكدا، بۆیە پسپۆرانی بواری خۆراك بۆ رزگاربوون لەو حاڵەتە و نەهێشتنی چەوریی ناتەندروست لەناو سك روونی دەكەنەوە، پێویستی بە هەوڵی كەسەكانەوە هەیە و بۆ ئەوەیش ئامۆژگاری دەخەنەڕوو.
باس لەوە دەكەن كە زۆرن ئەوانەی ئامادە نین راهێنانی جەستە بكەن و خۆیان تووشی تەمبەڵی دەكەن، هەر ئەوەیشە وا دەكات چەورییەكی زۆر لە ناو سك كۆ ببێتەوە كە بە چەوریی شاراوە ناو دەبرێت، دواتر نەخۆشیی تری بەدواوە دەبێت. بۆیە تەمبەڵی هۆكارێكی چەوریی ناو سكە.
باس لەوەش دەكەن كە خواردنی خۆراكی دروستكراو و بەتایبەتی خۆراكە لە قوتووكراوەكان، بەتایبەتی دەبێتە هۆی كاربۆهیدراتی زۆر لە جەستە و كەمبوونی پرۆتین و ریشاڵ، هەموو ئەوانە وا دەكەن چەورییەكی زۆر لەناو سك كۆ ببێتەوە و بۆ تەندروستی مەترسیی زۆری دەبێت.
هۆكارێكی تری كۆبوونەوەی چەوریی ناو سك وەك پسپۆران باسی لێوە دەكەن، دڵەڕاوكێیە كە كاریگەریی لەسەر هاوسەنگیی دەروونی و جەستەیی دەبێت، ئەوە وا دەكات هۆرمۆنی كۆرتیزۆڵ لە جەستەدا زۆر بەرز ببێتەوە، ئەو هۆرمۆنە رێگە دەدات چەوریی زۆر لەناو سك كۆببێتەوە، ئەویش لە درێژمەودادا.
ئەوان دەڵێن كەمخەویش هۆكارێكی ترە بۆ كۆبوونەوە چەوری لەناو سك، چونكە كەمخەوی كاریگەریی لەسەر خۆراك و هۆرمۆنی برسێتی دەبێت، ئەوەیش وا دەكات ئاستی كۆرتیزۆڵ لە جەستە بەرز ببێتەوە، واتە ئارەزوو بۆ خواردن زیاتر دەبێت و دواتریش دەبێـە هۆی قەڵەوی و كۆبوونەوەی چەوری لە سك.
دواتریش پسپۆرانی بواری خۆراك، ئامۆژگاری دەخەنەڕوو تا لە چەوریی ناو سك رزگارتان بێت ئەگەر جێبەجێیان بكەن، ئەویش راهێنانی وەرزشیی رۆژانە. ئەوانەی كاریان زیاتر لەسەر مێزە، دەتوانن لە كاتەكانی كاركردندا جارجارە بجووڵێنەوە و پشوو بە جەستەیان بدەن. هەروەها زۆر پێویستە سیستمی خەوتن رێكبخەن تا تووشی كەمخەوی نەبن. لەگەڵیدا كۆنترۆڵی حاڵەتی دڵەڕاوكێكانتان بكەن. دواتریش بایەخدان بە سیستمی خۆراكیی هاوسەنگ، بەوەیش لەو كێشەیە رزگارتان دەبێت.