هۆكاری راستەقینەی مردن چییە؟

:: PM:07:26:21/12/2025 ‌

دوور لەوەی لە ئاین باسی دەكرێت، توێژینەوەكان هۆكاری مردن بۆ چوونە ناو تەمەن یان نەخۆشی و لەكاركەوتنی ئەندامەكانی لەش دەگەڕێننەوە، توێژینەوەیەكی ئەڵمانی باسی دەكات كە تەنیا پیری هۆكاری راستەوخۆ و سەرەكیی مردن نییە، بەڵكو مرۆڤ دەگاتە قۆناغێك كە ئەگەری دووچاربوونی نەخۆشییەكانی زۆر زیاتر دەبێت و بە مردن كۆتایی دێت.

توێژینەوەكە لە ناوەندێكی پزیشكیی ئەڵمانی كراوە و رۆژنامەی "دەیلی مێڵ"ی بەریتانی باسی كردووە، توێژەران بۆیان دەركەوت كە نیشانە بڵاوەكانی پیربوون، وەك كەڵەكەبوونی خانە مردووەكان و ترشە ناوەكییە لەناوچووەكان و لەناوچوونی بەرگی پۆشەری كرۆمۆسۆمەكان، واتە ئەو پەردە پارێزەرەی لە هەموو كرۆمۆسۆمی خانەكاندا هەیە، بكوژی راستەوخۆی مرۆڤ نین، بەڵكو تەنیا ئاماژەن بۆ لاوازیی لەش و زیادبوونی ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییە بكوژەكانی وەك كێشەی دڵ.

تیمی توێژینەوەكە داتای 2410 راپۆرتی توێكاریی جەستەی مردووەكانی شی كردەوە و ئاشكرای كرد كە كۆئەندامی سووڕان، خاڵی لاوازی سەرەكیی لەشی مرۆڤە و بڵاوترین هۆكاری مردن بریتی بووە لە نەخۆشییەكانی دڵ و لوولەكانی خوێن، بەتایبەتی دڵەنۆرە، كە زۆر جار تا دوای توێكاری جەستەی مردوو پێی نەزانراوە و 39%ی حاڵەتەكانی مردنی پێك هێناوە.

تەنانەت لەو كەسانەی چوونەتە ناو تامەن، لەوانەی تەمەنیان لە سەرووی 100 ساڵە و تەندروستیان باش بووە، پیری هۆكاری مردنی ئەوان نەبووە، بەڵكو 70%یان لەبەر هۆكاری پێوەندیدار بە كێشەی دڵ و لوولەكانی خوێنەوە مردوون، چواریەكیشیان بەهۆی وەستانی كۆئەندامی هەناسەوە مردوون، رێژەیەكی كەمتریشیان بەهۆی پەككەوتن و لەكاركەوتنی ئەندامی تر مردوون، ئەو ئەنجامانە پێشانی دەدەن كە دەرمانی دژەپیری نابنە هۆی خاوكردنەوەی پیربوون، بەڵكو دەركەوتنی نەخۆشییەكان دوا دەخەن.

بەپێی شیكردنەوەكە هۆكارەكانی مردن بەوشێوەیە دابەش كراون، 39% دڵەنۆرە و 38% پەككەوتنی دڵ و سییەكان 18% سەكتەی مێشك و 10% جەڵتەی خوێن لە سییەكان و كەمتر لە 10% بەهۆی پچڕانی خوێنبەرەوە، توێژەران دەڵێن، مردن و تەمەندرێژی پێوەستە بە دەركەوتنی نەخۆشییەكانەوە نەك سستبوونی پیربوون، واتە پێوەندی بە نەخۆشی و تەندروستی مرۆڤەوە هەیە نەك پیربوونی.    


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل