سیستمی تەندروستیی خۆراك یەكێكە لە كلیلەكانی تەندروستی، ئەگەر مرۆڤ سیستمێكی تەندروست و هاوسەنگی خۆراك و شێوازێكی تەندروستی ژیان و خەو و جووڵەی باشی هەبێت، دەتوانێت ژیانێكی تەندروست بژیت، توێژینەوەیەكی پزیشكی ئاماژە دەكات كە چەند خوێكی رۆژانەی مرۆڤ هەن، مەترسیی كێشەكانی گەدە، لەوانە شێرپەنجە زیاتر دەكەن.
توێژینەوەكە 328 هەزار بەشداری لە ماوەی 12 ساڵ گرتەوە، چاودێریی خووەكانیان پێوەست بە خۆراكی رۆژانەیان و كاریگەری لەسەر تەندروستیی گەدەیان كرا، ئەنجامەكان دەریان خست كە خواردنەوە زۆر گەرمەكان، وەك چا و قاوە، مەترسیی تووشبوون بە شێرپەنجەی گەدە زیاتر دەكات، توێژەران سەرنجیان خستە سەر بڕی ئەو خواردنەوانە و پلەی گەرمیان، دەركەوت ئەوانەی رۆژانە زیاتر لە هەشت كووپ لە خواردنەوەی زۆر گەرمیان خواردووەتەوە، بە رێژەی 54% زیاتر لەوانەی بەو شێوەیە نەیانخواردووەتەوە مەترسیی تووشبوونیان بە شێرپەنجەی گەدە زیاترە.
توێژەران بۆیان دەركەوت كە كاریگەرییەكە لای ئەوانە زیاتر دیار بووە كە بە رێكوپێكی بەو شێوە خواردنەوەی گەرمیان خواردووەتەوە، كاتێك مەترسیی تووشبوونیان لە كاتی خواردنەوەی رۆژانەی زیاتر لە هەشت كووپ بۆ دووهێند زیاتر زیادی كرد، ئەوە بێ رەچاوكردنی تەمەن و رەگەز و شێوازی ژیان و جگەرەكێشان و هۆكاری تر.
شارەزایان هۆكارەكەی بۆ ورووژانی درێژخایەنی پەردەی ناوپۆشی گەدە بە گەرمی لێك دەدەنەوە، كە دەبێتە هۆی زیادكردنی هەوكردن و لەناوچوونی شانەكان و ژینگەیەكی باش بۆ پەرەسەندنی لووە پیسەكان فەرهەم دەكات.