رەنگە هەندێك كەس شەوانە كتوپڕ بەهۆی ئازار و گرژبوونی قاچەكانیان خەبەریان بێتەوە، ماوەیەك تووشی رەقبوون و ئازاری ماسولكەی قاچێك یان هەردووكی دەبن، بەڵام هۆكاری چییە؟
وەك ماڵپەڕی
" Sleep Education"ی ئەمەریكی باسی كردووە، ئەو كەسانەی زیاتر تووشی ئەو حاڵەتە دەبن بریتین لە بەتەمەنداچووان و سەرووی 60 ساڵ، 30%یان جارێك لە ماوەی دوو مانگ تووشی دەبن، ژنی دووگیان 40%یان تووشی دەبێت و دوای منداڵبوون نامێنێت، منداڵ و مێردمنداڵ كە 7%یان تووشی دەبن.
جیا لەوانەی باس كران، رەنگە گرژبوونی ماسولكەی قاچ بەهۆی هەندێك نەخۆشییەوە بێت، وەك شەكرە و هەوكردنی جومگە و نەخۆشییەكانی دڵ و شێوانی سووڕی خوێن و شێوانی میتابۆلیسم و شێوانی كوێرەرژێنەكان و بەریشاڵبوونی شانەكانی جگەر و نەخۆشییەكانی گورچیلە و پووكانەوەی ئێسك و تەسكبوونەوەی دڕكەپەتك و تێكچوونی هەستەدەمارەكانی قاچ.
هۆكاری تریش بۆ حاڵەتەكە هەن، خواردنی هەندێك جۆر دەرمان و خواردنەوەی كحول و وەستان بۆ ماوەیەكی دوورودرێژ و كەمخواردنەوەی ئاو و وەرزشكردن، مرۆڤ دووچاری ئازارێكی زۆر دەبێت و رەنگە نەتوانێت بخەوێت، زەحمەتیی جووڵاندی قاچەكان و ئاوسانیان و مانەوەی ئازارێكی سووك بۆ چەند سەعاتێك دوای ئەوە، بۆ خۆرزگاركردن لەو حاڵەتە، دەتوانیت مەساجێكی نەرمی ماسولكەی قاچ و دانانی پارچە پەڕۆی نیوچە گەرم و جووڵاندنیان بە هێواشی و خواردنەوەی ئاو و وەرگرتنی دەرمانی ئازارشكێن.