توێژینەوەیەكی نوێ گەیشتە ئەو ئەنجامەی دەرمانی ترامادۆل، كە ئازارشكێنێكی ئەفیونییە و بۆ شكاندنی ئازاری توند بەكار دەهێنرێت، تەنیا ئازاركە تا ئاستێك دەشكێنێت، هاوكات ئەگەری هەیە كێشەی دڵ دروست بكات و زیان بە تەندروستیی دڵ بگەیەنێت.
توێژەران داتای 19 تاقیكردنەوەی كلینیكییان شی كردەوە، كە 6.506 كەسی پێگەیشتووی گرتەوە، ئەوان بەدەست جۆری جیاوازی ئازاری درێژخایەن دەیانناڵاند، لەوانە هەوكردنی جومگەكان و ئازاری درێژخایەنی خوارەوەی پشت و ئازاری دەمار و ریشاڵە ماسولكەكان، بەپێی توێژینەوەكە لە هەموو تاقیكردنەوەكان كاریگەریی ترامادۆل بە دەرمانێكی خەیاڵی بەراورد كرا، دەركەوت ترامادۆل ئازارەكەی بە سووكی شكاندووە، كە نەگەیشتووەتە ئاستێكی باش لە رووی كلینیكییەوە.
هاوكات تێكڕای زیانەكان لەو كەسانەی ترامادۆلیان وەرگرتووە زیاتر بووە، بە بەراورد بە دەرمانەكەی تر، لەوانە كێشەكانی دڵ وەك ئازاری سینگ و نەخۆشییەكانی خوێنبەری تاجی و پەككەوتنی دڵ، توێژەران ئاماژەیان كرد، سوودی ترامادۆل بۆ چارەسەركردنی ئازاری درێژخایەن كەمە، لەوكاتەی زیانەكانی لە سوودەكەی زیاترن.
لەگەڵ ئەوەش شارەزایان دووپاتیان كردەوە كە نابێت نەخۆشەكان بۆ خۆپاراستن لە زیانەكانی كتوپڕ واز لە بەكارهێنانی ترامادۆل بێنن، بەڵكو هەر گۆڕانكارییەك لە بەكارهێنانی دەرمانەكە دەبێت بە سەرپەرشتیی پزیشكی شارەزا بێت، هاوكات پێویستە گفتوگۆ لەبارەی گۆڕینی دەرمانەكە لەگەڵ پزیشك بكرێت، بەتایبەتی ترامادۆل.