جۆرەكانی كۆكە كە هەندێكیان مەترسیدارن

:: PM:06:48:05/01/2026 ‌

لەگەڵ هاتنی وەرزی سەرما یان بەهۆی هەستیاری و هۆكاری ترەوە مرۆڤ تووشی كۆكین دەبێت، پزیشكێك ئاماژە دەكات كە كۆكە تەنیا هۆكارێكی جێگیری نییە و چەند شێوەیەكی هەیە، كە هۆكار و ئاماژەكانی جیاوازن.

د. نافید ئاسف ئاماژە دەكات كە كۆكە وەڵامدانەوەیەكی ئاسایی لەشە و پێوەندی بە كێشەی ناوخۆیی هەیە، كاتێك ورووژێنەرێك یان پەتایەك دەچێتە بۆری هەوا، مرۆڤ بەرەو كۆكین هان دەدات بۆ كردنەدەرەوەی هۆكاری ورووژانەكە و رێگرتن لە مانەوەی لەناو سییەكان یان چوونی بۆ ناو كۆئەندامی هەناسە، ئەو پزیشكە بە رۆژنامەی "دەیلی مێڵ"ی بەرتانی گوت، پێنج جۆر كۆكە هەیە وەك لە خوارەوە: 

*كۆكەی وشك، واتە بەڵغەمی لەگەڵ نییە و لە ماوەی چەند رۆژ یان هەفتە چاك دەبێتەوە، كۆكەیەكی سووكە، بەڵام ئەگەر لە ماوەی سێ هەفتە چاك نەبووەوە، رەنگە ئاماژە بێت بۆ هەندێك نەخۆشی مەترسیدار وەك شێرپەنجە، كە لەدەستدانی كێش و نەمانی ئارەزووی خواردن و ئازاری سكی لەگەڵ دەبێت، یان گەڕانەوەی ترشی گەدە بۆ قورگ.

*كۆكەی تەڕو و شێدار، واتە بەڵغەم و دەنگی لەگەڵدایە، لە ماوەی سێ بۆ چوار هەفتە نامێنێت، داخرانی لووت و هاتنی ئاوی لووتی لەگەڵ دەبێت.

*كۆكەی بە دەنگ، واتە دەنگی فیكەیەكی لەگەڵ دەبێت، لەكاتی كۆكین یان هەناسەدان دەنگی خڕەخڕی لەگەڵ دەبێت، رەنگە پێوەندی بە رەبوو و داخرانی درێژخایەنی سی هەبێت و رەنگە نیشانەیەك بێت بۆ نۆرەی رەبوو. 

*كۆكە رەشە، نۆرەی بەهێزی كۆكینە و كەسەكە هەست بە خنكان دەكات، بەتایبەتی لە منداڵی شیەرەخۆرە مەترسیدارە و پێویستی بە چوونە نەخۆشخانە و وەرگرتنی ئەنتی بایۆتیك هەیە.

*كۆكەی درێژخایەن، رەنگە بەهۆی رەبوو یان هەوكردنی بۆری هەوا یان گەڕانەوەی ترشی گەدە بۆ سورێنچك و گەروو یان شێرپەنجەوە دروست ببێت، ئەگەر هەشت مانگ بەردەوام بوو پێویستە سەردانی پزیشك بكرێت.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل