نەخۆشخانە گەورەكەی شێرپەنجە لە هەولێر لە تەواوبوون نزیكە

:: PM:03:30:06/01/2026 ‌
كاركردن لە پڕۆژەی گەورەترین نەخۆشخانەی چارەسەری شێرپەنجە لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان و عێراق، لە هەولێر بەردەوامە.

نەخۆشخانەكە لە 150 تەختی خەواندن و 100 تەختی چارەسەری كیمیایی پێكدێت، تاقیگەیەكی پێشكەوتوو لەخۆ دەگرێت، سەرجەم ئامێرە پێشكەوتووەكانی چارەسەری نەخۆشییەكە لەخۆ دەگرێت و لەسەر ڕووبەری 30 هەزار مەتر چوارگۆشە دروست دەكرێت و لە پێنج نهۆم پێكدێت، بەوەش دەبێتە گەورەترین نەخۆشخانەی چارەسەری شێرپەنجە لە هەموو هەرێمی كوردستان و عێراق.

پارێزگای هەولێر بڵاوی كردەوە كە بە تەواوبوونی ئەو پڕۆژەیە، پێشكەوتووترین تەكنەلۆجیای ئێم ئاڕ ئای، سیتیسكان، پێتسكان، چارەسەری تیشك، چاندنی مۆخی ئێسك، وێنەگرتنی گاما و چەندان تەكنەلۆجیای تر لەم نەخۆشخانەیە بەردەست دەبن.

جێی باسە لە 18ـی ئەیلوولی 2024، مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بەردی بناغەی پڕۆژەی دروستكردنی ئەم نەخۆشخانەیەی دانا و لە ڕێوڕەسمەكەشدا ڕای گەیاند، لە كابینەی نۆیەمدا خزمەتی كەرتی تەندروستیمان كردووە و زیاتریش پێویستی بە خزمەتە؛ دەبێ هاووڵاتییان لە نەخۆشخانە گشتییەكان هەست بە ئاسوودەیی و هەبوونی خزمەت بكەن.



وشە - سه‌رخێڵ هاشم