لەگەڵ چوونە ناو تەمەن پیاوان دووچاری كێشەكانی پرۆستات دەبنەوە، ئەو رژێنەی تۆواوگ بەرهەم دێنێت، و دەوری ملی میزڵدان و بۆری میزی داوە، لەو كێشانەی تووشی پرۆستات دەبن، هەوكردن و ئاوسان و شێرپەنجەن، چەند هۆكارێك ئەوانە دروست دەكەن، بەڵام لایەنی دەروونی چۆن كار لە پرۆستات دەكات؟
لە راپۆرتێكی زانكۆی هارڤارد هاتووە، توێژەران لە میشیگانی ئەمەریكا داتای 703 پیاویان كۆ كردەوە و چەند پرسیارێكیان لێ كرا لەوانە پێوەست بە رارایی و تەندروستی دەروونییان، دەركەوت خراپیی دۆخی تەندروستی و زیادبوونی ئاستی رارایی ئەوان، پێوەست بووە بە كاتی تووشبوونیان بە هەوكردنی پرۆستات، لە توێژینەوەیەكی تری زانكۆكە دەركەوت كە ئەو پیاوانەی باسی رووبەڕووبوونەوەی گوشاری زۆریان لە ماڵەوە یان لە كارەكانیان كردووە 1.2 بۆ 1.5 دار زیاتر تووشی هەوكردنی پرۆستات بوونەتەوە.
هاوكات دەركەوت كە رارایی توندیی ئازاری پرۆستات زیاتر دەكات، ئاشكرا بوو كە ئەو پیاوانەی تووشی پرۆستات بوونە و دوای ئەوە رووبەڕووی راراییەكی زۆر هاتوونەتەوە، ئەوان ئازاری پرۆستاتیان زیاترە، لەوكاتەی چالاكیی جەستەیی رۆڵی گرنگی لە تەندروستیی پرۆستات و پاراستنی لە هەوكردن و باشكردنی سووڕی خوێن لە ناوچەی حەوز و كەمكردنەوەی رارایی هەیە، بۆیە هەندێك جۆر راهێنانی سادە و رۆژانە هەن پێویست و بەسوودن بۆ پارێزگاریكردن لە تەندروستی و فەرمانی پرۆستات، وەك رۆیشتنی خێرا و پایسكلسواری و یۆگا و هیتریش.