چا و قاوە چۆن كار لە چەوری لەش و شەكرەی خوێن دەكەن؟

:: PM:08:50:08/01/2026 ‌

هەریەك لە ئێمە رۆژەكەی بێ خواردنەوەی چا یان قاوە بەڕێ ناكات، تۆ كە سەردانی ماڵێك یان هاوڕێیەكت دەكەیت چا یان قاوەت بۆ دێنن، كە بە كافایین دەوڵەمەندن كە وریاكەرەوەیەكی بەهێزە، توێژینەوەیەكی نوێ ئاماژە دەكات كە ئاستی كافایین لە خوێن كار لە چەوری لەش دەكات و مەترسیی تووشبوون بە جۆری دووەمی نەخۆشی شەكرە كەم دەكاتەوە.

توێژینەوەكە بە هاوبەشی لە نێوان پەیمانگەیەكی سویدی و زانكۆیەكی بەریتانی ئەنجام درا و سەرنج درایە سەر ئاماژە جینییەكان بۆ دیاریكردنی پێوەندی لە نێوان كافایین و بارستەی لەش و مەترسیی تووشبوون بە شەكرە، توێژەران بۆیان دەركەوت كە ئەو كەسانەی ئاستێكی زیاتری كافایینیان لە پلازمای خوێنیان هەیە، بارستەی لەشیان و چەوری لەشیان كەمترە، ئەوەش ئەگەری تووشبوونیان بە جۆری دووەمی نەخۆشی شەكرە كەم دەكاتەوە.

توێژینەوەكە دووپاتی كردەوە كە نیوەی كاریگەریی كافایین بۆ كەمكردنەوەی تووشبوون بە جۆری دووەمی شەكرە بەهۆی كەمكردنەوەی بارستەی لەشە، واتە چەوری لەش، هاوكات هیچ پێوەندییەك لە نێوان ئاستی كافایین لە خوێن و نەخۆشییەكانی دڵ دەرنەكەوت، لەوانە لەرزینی گوێچكەڵە و پەككەوتنی دڵ و سەكتەی مێشك، توێژەران دووپاتیان كردەوە كە خواردنی كافایین بە بڕی گونجاو، كاریگەریی ئەرێنی لەسەر كێش و چەوری لەش هەیە، بەڵام ئەو سوودەی لە كەسێكەوە بۆ یەكێكی تر جیاوازە. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل