بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ئافرەتان و لەدایكبوونی فێركاری، ئاماری ساڵی ڕابردووی نەخۆشخانەكەیانی ئاشكرا كرد و ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە ساڵی ڕابردوو 10 هەزار و 216 منداڵ بە ئاسایی لەدایك بوون، ئەوانەیشی بە نەشتەرگەری لەدایك بوون لەو نەخۆشخانەیە بریتین لە شەش هەزار و 460 منداڵ.
ئەمڕۆ شەموو 17ی كانوونی دووەم، د. شادان شێروان حەیدەری بەڕێوەبەری نەخۆشخانەكە، بە "وشە"ی راگەیاند، ساڵی ڕابردوو نەخۆشخانەكە هەنگاوی گەورەی لە خزمەتكردن و نۆژەنكردنەوە ناوە، ئەمساڵیش بەرنامەی تۆكمە هەن كە بۆ خزمەتی هاووڵاتییان بنرێت.
ڕوونیشی كردەوە، تەنیا ساڵی ڕابردوو 75 هەزار و 607 نەخۆش سەردانی نەخۆشخانەكەیان كردووە، 35 هەزار و 417 نەخۆش خەوێنراون کە حەوت هەزار و 996یان لە بەشی منداڵە ناكامەكان بوون.
هەروەها باسی لەوە كرد كە بەشی چاودێریی چڕ كە لە نەخۆشخانە ئەهلییەكان نرخێكی زۆر لە هاووڵاتییان وەردەگیرێت، ئەمساڵ رێژەیەكی زۆر نەخۆش سەردانی ئەو نەخۆشخانە حكوومییەیان كردووە، بە جۆرێك 288 نەخۆش لەو بەشە بوون.
هەروەها درێژەی بە قسەكانیدا و گوتی، 10 هەزار و 216 منداڵ بە ئاسایی لەدایك بوون كە پێنج هەزار و 113 كوڕ و پێنج هەزار و 103یان كچ بوون، ئەوانەیشی بە نەشتەرگەری لەدایك بوون لەو نەخۆشخانەیە، بریتین لە شەش هەزار و 460 منداڵ كە سێ هەزار و 340یان كوڕ بوون و سێ هەزار و 156یان كچ بوون.
بەگوێرەی قسەی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ئافرەتان و لەدایكبوون، پیتاندنی دەستكرد بۆ 139 نەخۆش كراوە و 112 لەوانە دووگیان بوون، جیا لەوەیش 61 هەزار و 739 نەخۆش سۆناریان بۆ كراوە.
هەروەك دووپاتی كردەوە، لەو ساڵەدا 416 منداڵی دووانە و 10 منداڵی سیانی لەدایك بوون.
نەخۆشخانەی ئافرەتان و لەدایكبوون لە ماوەی ڕابردوودا، هەنگاوی زۆری بۆ پێشڤەچوون ناوە، ئەوەیش هۆكاری سەرەكی بووە كە نەخۆش روو لە نەخۆشخانەی ئەهلی نەكەن.
وشە/ فەیسەڵ شێخانی