چای سارد وەك قاوەی سارد، پارێزگاری لە رەگەزە خۆراكی و تەندروستییەكانی دەكات، وەك بۆلیفینۆلات "كە رەگەزێكی كیمیایی سروشتییە" و دژەئۆكسید بە بەراورد بە چای گەرم، چونكە چای سارد كەمترین ترشەڵۆكی تێدایە. ئەگەرچی ئەوەیش لە سوودەكانی چای گەرم كەم ناكاتەوە.
بەشی زانستی و تەندروستیی پێگەی "
شەرق ئەوسەت" كە هەواڵەكەی لە پێگەی "ڤێری وێڵ هێڵس" وەرگرتووە و پسپۆرانی بواری خۆراك قسەیان بۆ كردووە، ئاماژە دەدەن كە توێژینەوەیەكی 100% دروست نییە تا بتوانرێ ئاماژە بە سوودەكانی چای سارد بكات كە لە چای گەرم باشتر بێت، بەڵام توێژینەوەیەك لە ساڵی 2010دا ئەنجام دراوە كە توێژەران بەوە گەیشتوون، چای سارد زیاتر پارێزگاری لە ئاستی دژەئۆكسید دەكات بەراورد بە چای گەرم.
ئەوەیش دەڵێن كە چای سەوز كاتێك گەرم دەكرێتەوە، ئەوكات زۆرترین دژەئۆكسید بەرهەم دێنێت، چونكە ئەو رەگەزانەی لەناو چای سەوزدا هەیە، بە گەرمی زیاتر سوود دەگەیەنن. لەگەڵ ئەوەیشدا هۆكاری سەرەكی لە نێوان چاری سەرد و گەرم زیاتر جۆری تامەكەیەتی، خۆ ئەگەر كەسێك بیەوێ تامی چایەكە هەندێك تاڵ بێت، ئەوكات چای سارد باشترە.
پسپۆران زیاتر روونی دەكەنەوە كە هەردوو جۆرەی چای بە ساردی و گەرمی، لە رووی تەندروستییەوە جیاوازییەكانیان زۆر نییە و لە ئەنجامیشدا، هەمان سوود بە تەندروستی دەگەیەنن.
هاوكات پسپۆران لەبارەی سوودەكانی چای بەشێوەیەكی گشتی بۆ تەندروستیی مرۆڤ، چەندان سوود دەخەنەڕوو كە یەك لەوانە سوودی بۆ دڵ هەیە. بۆ ئەوەیش دەڵێن، چونكە چای بۆلیفینۆلاتی تێدایە، ئەركی دەمارەكان باشتر دەكات و هەوكردنەكان كەمتر دەكاتەوە، یارمەتیی ئاستی چەوریی تەندروست لە خوێن دەدات، بۆیە ئەگەر زێدەڕۆیی لە خواردنەوەی چای نەكرێت، ئەوكات دڵ لە نەخۆشییەكان دوور دەخاتەوە، بەتایبەتی دووركەوتنەوە لە نۆرەی دڵ.
هاوكات دووپات دەكەنەوە كە چای بەگشتی سوودی بۆ دابەزینی پاڵەپەستۆی خوێن هەیە و كۆلیسترۆڵی زیانبەخش لە جەستەدا كەمتر دەكاتەوە. لەگەڵ ئەوەیشدا چای سەوز سوودی بۆ كەمكردنەوەی وەستانی مێشك دەبێت. هەردوو جۆری سەوز و رەش، بۆ تەندروستیی مێشك زۆر بەسوودن و ئەو كێشانە كەمتر دەكەنەوە كە پێوەستن بە خڵەفان و لەبیرچوونەوە.