"پێوەندیی سێكسی كلیلی تەندروستیی ئەرێنیی دەروونییە"

:: AM:10:27:21/01/2026 ‌
پرۆفیسۆرێك لە زانكۆی شاندۆنگ، بۆ پێگەیەكی ئەلیكترۆنیی لەبارەی كردەی سێكسی و كاریگەرییەكانی لەسەر تەندروستیی دەروونی دەڵێت، كردەی سێكسی نێوان هاوسەران و خۆشەویستان و بەشێوەیەكی ریكوپێك، دۆخی دەروونی هاوسەنگ دەكات و مرۆڤ لە خەمۆكی دوور دەخاتەوە.

پێگەی "ئیلاف" كە هەواڵەكەی لە پێگەی  VOI.id وەرگرتووە، لەوێدا پرۆفیسۆر مۆتۆنگ چین لە زانكۆی شاندۆنگ قسەی بۆ كردووە و ئاماژەی داوە، كردەی سێكسیی نێوان هاوسەران و خۆشەویستان ئەگەر بە شێوەیەكی رێكوپێك و لە ماوەی هەفتەیەكدا دووجار بكرێت، كاریگەریی ئەرێنیی لەسەر دۆخی دەروونی دەبێت و هاوسەنگی دەكات و مرۆڤ لە خەمۆكی دوور دەخاتەوە.

ئەو پرۆفیسۆرە لەبارەی ئەو توێژینەوەیەی ئەنجامی داوە دەڵێت، كار لەسەر 15 هەزار كەس لەوبارەیەوە كراوە و لە ئەنجامدا دەركەوتووە، تەواوی ئەوانەی لە ماوەی هەفتەیەكدا دووجار سێكسیان كردووە، دۆخی تەندروستیی دەروونییان زۆرباش و جێگیر بووە، بەڵام ئەوانەی كەمتر ئەو كردەیەیان كردووە یان ناڕێكوپێك بووە، دۆخی دەروونییان ئاڵۆز بووە یان روون نەبووە.

ئەو پزیشكە دەروونییە زیاتر روونی دەكاتەوە كە كردەی سێكسی، جۆری ژیان دەستنیشان دەكات و ئەگەر كردەكە بەشێوەیەكی رێكوپێك و بەخۆشەویستی بكرێت، دۆخی دەروونی زۆرباش دەكات و كاریگەرییە ئەرێنییەكانی بە روونی بە ژیانی خۆشیی كەسەكانەوە بە روونی دیار دەبێت.

وێڕای ئەوەی ئەو پیرۆفیسۆرە باسیان دەكات، بەڵام لەبارەی كردەی سێكسی و پێوەندیی بە دۆخی دەروونی، پێویستیی بە توێژینەوەی زیاتر و لێكۆڵینەوەی زیاتر هەیە.


وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د