زانایان هۆكاری لاوازیی سەرنج لە رۆژدا روون دەكەنەوە

:: PM:02:59:27/01/2026 ‌
تیمێك لە زانایانی ئەمەریكی كە توێژینەوەیان لەسەر نەبوون یان لاوازبوونی سەرنجی مرۆڤ لە رۆژدا كردووە، بۆیان دەركەوتووە كە هۆكاری لاوازیی سەرنج لە رۆژدا، بۆ خراپیی خەو لە شەودا دەگەڕێتەوە، یان بەپێی پێویست نەیانتوانیوە بە ئاسوودەیی بخەون.

پێگەی "عەرەبیە" ئەمڕۆ سێشەم 27ی كانوونی دووەم، هەواڵەكەی لە گۆڤاری Nature Neuroscience وەرگرتووە كە توێژینەوەكەی زانایانی بواری تەندروستی لەوێ بڵاو كردووەتەوە. توێژەران بەو ئەنجامە گەیشتوون كە لاوازیی سەرنجی مرۆڤ لە رۆژدا، بۆ خراپیی خەو لە شەودا دەگەڕێتەوە، یان بەپێی پێویست نەیانتوانیوە بە ئاسوودەیی بخەون.

توێژینەوەكە لە پەیمانگەی ماساشۆسیتس بۆ تەكنەلۆجیا ئەنجام دراوە و توێژەران دەڵێن، لە كاتێكدا مرۆڤ لە شەودا توانای خەوێكی ئاسوودەی نەبێت، ئەوكات مێشك لە رۆژدا هەوڵ دەدات پاشمانەوەكان پاك بكاتەوە كە دەبوو لە شەو و لە كاتی خەوتندا پاكیان بكاتەوە، بۆیە دەبینرێت زۆرجار لە رۆژدا سەرنج لاواز دەبێت. 

توێژینەكە بەوە گەیشتووە كە لە كاتی خەوتندا سیستمی پاككردنەوە لە ناو مێشك كاری خۆی دەكات، كاتێكیش كەسەكە توانای ئەوەی نییە بەباشی بخەوێت كە شەوانە پێویستیی بەلای كەمەوە هەشت سەعات خەوتنی هەیە، ئەوكات مێشك لە رۆژدا ئەو كاری پاككردنەوەیە دەكات، هەر لەبەرئەوەیە دەبینرێت سەرنج لاواز دەبێ یان كەسەكە زۆرجار شتی لە بیر دەچێتەوە.

دواتریش باس لەوە دەكەن كە بۆ توێژینەكەیان، توێژەران پشكنینیان لەسەر 27 كەسی خۆبەخش كردووە، ئەویش بەپێی لەرینەوەی موگناتیسی بۆ دوو جار، یەكیان بۆ ئەوانەی بەباشی خەوتوون، بەشی تریش بۆ ئەوانەی خەویان خراپ و نائاسوودە بووە، لە ئەنجامدا دەركەوتووە ئەوانەی خەویان باش بووە، مێشكیان لە رۆژدا سەرنجیان بەهێز بووە، ئەوانەیش كە بەباشی نەخەوتوون یان خەونیان خراپ بووە، ئەوان لە رۆژدا سەرنجیان لاواز بووە.
 



وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د