ئێستە نەخۆشی و كێشەكانی دڵ و لوولەكانی خوێن هۆكاری سەرەكیی مردنن لە دنیا، سەرەڕای سەتان و هەزاران توێژینەوە و رێنوێنی لەوبارەوە بۆ خۆپاراستن لە كێشەكانی دڵ، كەچی رێژەی مردن لە هەڵكشانە، توێژینەوەیەكی نوێ ئاماژە دەكات كە پیاوان لە تەمەنێكی زووتر بە بەراورد بە ژنان تووشی نەخۆشییەكانی دڵ و لوولەكانی خوێن دەبن.
وەك لە ماڵپەڕی
"نیوز میدیكەڵ" هاتووە، راپۆرتێكی ئەمەریكی باسی كردووە كە دەركەوتنی نەخۆشییەكانی دڵ، بەتایبەتی خوێنبەری تاجی، چەند ساڵێك زووتر لە پیاوان دەردەكەوێت، راپۆرتەكە پشتی بە داتای توێژینەوەیەكی ئەمەریكی بەستووە كە چاودێریی پەرەسەندنی نەخۆشییەكانی دڵ و لوولەكانی خوێنیان لە ژمارەیەك گەنج تا نیوەی تەمەنیان كرد، 5112 گەنج بەشدار بوون كە 54.5%یان ژن بوون، دەركەوت تێكڕای تووشبوونی پیاوان بە نەخۆشییەكانی دڵ و لوولەكانی خوێن بە بەراورد بە ژنان زیاترە، بەتایبەتی نەخۆشییەكانی خوێنبەری تاجی و پەككەوتنی دڵ، بەڵام ئەوان هیچ جیاوازییەكیان لە تووشبوون بە سەكتەی مێشك نەبوو.
توێژەران ئاماژەیان كرد كە جیاوازی لە نێوان پیاو و ژن لە تووشبوون بە نەخۆشییەكانی دڵ لە تەمەنی 40 ساڵییەوە بەدیار دەكەوێت، ئەلیكسا فریدمان سەرۆكی تیمی توێژینەوە گوتی، لە تەمەنی 35 ساڵیدا جیاوازی نێوان هەردوو رەگەز لە مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییەكانی دڵ روون بەدیار دەكەوێت.
هۆكاری ئەو حاڵەتە یەك نییە، هەندێك پێیان وایە بەهۆی تێكهەڵكێشیی هۆكارە بایۆلۆجی و هۆرمۆنی و ئاكارییە، جیا لە جیاوازی لە بەركەوتنی هۆكارەكانی مەترسیی تووشبوون لە تەمەنێكی زووتر، واتە لە قۆناغی گەنجییەوە تا ناوەندی تەمەن و كاتی تووشبوون، باسی ئەوە دەكرێت هۆرمۆنی ئیسترۆجین لە ژنان، بەتایبەتی بەر وەستانی سووڕی مانگانە، رۆڵێكی پارێزی هەیە، كەچی لە پیاوان ئەوە نییە و زووتر تووشی رەقبوونی خوێنبەرەكان دەبنەوە، جیا لە هۆكاری تری وەك دابەشبوونی چەوری لە لەش و میتابۆلیسم و ئاكار و شێوازی ژیان و لایەنی دەروونی و سۆزداری و قورسیی كار و بەرپرسیارەتی، كە پیاوان و ژنان جیاوازییان لەوانە هەیە.