توێژینه‌وه‌كان ئاماژه به‌وه ده‌كه‌ن كه خواردنه‌وه‌ی ڕۆژانه‌ی شه‌ربه‌تی
ته‌ماته ده‌بێته هۆی باشبوونی كاركردنی دڵ و ده‌ماره‌كانی خوێن، هه‌روه‌ها زۆر به سوود و كاریگه‌ریشه بۆ دابه‌زاندنی فشاری خوێن. سه‌ره‌ڕای ئه‌مانه‌یش كۆلیستڕۆڵی زیانبه‌خش كه‌م ده‌كاته‌وه، هه‌موو ئه‌مانه‌یش وا ده‌كه‌ن كه دڵ به ته‌ندروستی بمێنێته‌وه.
توێژه‌ران و زانایان له تۆكیۆ ده‌رئه‌نجامی توێژینه‌وه‌یه‌كیان له گۆڤاری فوود ساینس ئه‌ند نووترهیشن بڵاوكردووه‌ته‌وه، تێیدا ئاماژه‌یان داوه كه ماوه‌ی 12 مانگ 481 كه‌سیان خستووه‌ته ژێر تاقیكردنه‌وه و شه‌ربه‌تی ته‌ماته‌یان پێداون، بێ ئه‌وه‌ی سوێر بكرێ و هیچ شتێكی تری بۆ زیاد بكرێت.
له‌و 12 مانگه به به‌رده‌وامی پشكنینیان بۆ به‌شداربووانی ئه‌و توێژینه‌وه‌یه كردووه و گه‌یشتوونه‌ته ئه‌و ئه‌نجامه‌ی كه ئه‌وانه‌ی له‌م 12 مانگه شه‌ربه‌تی ته‌ماته‌یان خواردووه‌ته‌وه و چه‌وری خوێنیان به ته‌واوی ڕووی له كه‌می كردووه و فشاری خوێنیشیان دابه‌زیووه و جێگیر بووه.
توێژه‌ران ئه‌وه‌یشیان خستووه‌ته ڕوو، فشاری خوێنی به‌شداربوون له قۆناغی پێش تووشبوون به به‌رزی فشاری خوێنی چاره‌سه‌رنه‌كراو بووه و له دۆخێكی كه‌مێك به‌رز بووه، به‌ڵام به خواردنه‌وه‌ی شه‌ربه‌تی ته‌ماته به ته‌واوی فشاری خوێنیان جێگیر بووه، هه‌روه‌ها ڕێژه‌ی كۆلیستڕۆڵیشیان دابه‌زیووه و بۆ دۆخێكی سه‌لامه‌ت و ته‌ندروست گه‌ڕاونه‌ته‌وه. بۆ گه‌یشتن به‌و ده‌رئه‌نجامه‌یش پێویسته ڕۆژانه له نێوان 84 تا 215 میلی‌لیتر شه‌ربه‌تی ته‌ماته بخۆنه‌وه. به‌ڵام ئه‌مه بۆ ئه‌و كه‌سانه نییه كه نه‌خۆشی درێژخایه‌ن گرفتی زۆری ته‌ندروستیان هه‌یه.