تەندروستیی دڵ زۆر گرنگە و پێویستە مرۆڤ بەر لە تووشبوون بە كێشەی دڵ و لوولەكانی خوێن هەوڵ بدات خۆی لێیان بپارێزێت، بەتایبەتی بە گۆڕینی سیستمی رۆژانەی خۆراك و شێوازی ژیانی بۆ ستایلێكی تەندروست و كۆنترۆڵكردنی خەو و لایەنی دەروونی، زۆر باسی زیانەكانی نانی سپی دەكرێت، كە قەڵەوی دروست دەكات و سەرچاوەی چەندان نەخۆشییە لەوانە كێشەی دڵ.
نانی سپی لە كاربۆهیدراتە پاككراوەكانە و ریشاڵ و مادە خۆراكییە گرنگ و سەرەكییەكانی تیادا نییە، بۆیە زۆر خواردنی دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی رێژەی شەكری خوێن و زیادبوونی رێژەی كۆلیسترۆلی زیانبەخش و هەوكردن لە لەش و زیادبوونی مەترسیی قەڵەوبوون و تووشبوون بە نەخۆشییەكانی دڵ، نانی سپی لە گەنمێك دروست دەكرێت كە كەپەك و چەكەرەی لێ دەرهێنراوە، بەوەش ریشاڵ و ئاسنی لەدەست داوە.
هەروەها ئارد یان نانی سپی، ڤیتامین بی وەك پێویست تیادا نابێت كە لە دانەوێڵەی تەواودا هەیە، نانی سپی بەهۆی كاركردنی وەك شەكری سادە لە لەش، شەكری خوێن و وزە بە خێرایی بەرز دەكاتەوە و بەخێراییش نزم دەبێتەوە، لە توێژینەوەیەكی پێنج ساڵیش دەركەوتووە كە زۆر خواردنی نانی سپی یان دانەوێڵەی چارەسەركراو، مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییەكانی دڵ و مردنی كتوپڕ و زوو بە رێژەی 40% زیاد دەكات، ئەوە لەپاڵ كاركردنی بۆ بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن و كۆبوونەوەی چەوری لە ناوچەی سك، بەهۆی ئەو سۆدیۆمەی تیایەتی و كەمیی رێژەی ریشاڵەكانیش.