رەنگە مرۆڤ بەوە نەزانێت كە كەی دەمرێت، بەڵام هەندێكجار ئاماژە بایۆلۆجییەكان و پەرەسەندنی نەخۆشییەكان دەبنە ئاماژەیەك و بە نزیككراوەی وادەی مردن دێتە خەمڵاندن، ژمارەیەك پزیشك و شارەزایان باسی زنجیرەی لەدەستدانی مرۆڤ بۆ هەستەكانی لە دوا ساتەكانی ژیانی بەر لە مردنی دەكات، واتە لەو قۆناغەی بە "رۆحدانی چالاك"، وەسفی دەكەن و تیایدا فەرمانەكانی لەش بەرەو نەمان و وەستان دەچن.
وەك
شارەزایان دەڵێن، ئەو زانیارییانەی لەبارەی ئەوەی مرۆڤ لە دوا ساتەكانی تەمەنی هەستی پێ دەكات كەم و سنووردارن، زۆرجار پشت بە تێبینیكردنی ئەندامانی خێزان و كارمەندانی تەندروستی لە نەخۆشخانەكان دەبەستن، چونكە نەخۆشەكە خۆی ناتوانێت لەو قۆناغەدا بەرجەستەی ئەو دۆخەكە بكات كە پێیدا تێپەڕ دەبێت، ئەوەش بەهۆی لاوازیی و شەكەتی و نەمانی تواناكانی لەشی.
جیمس هالنبیك مامۆستا لە زانكۆی ستانفۆرد دەڵێت، لەدەستدانی هەستەكانی مرۆڤ لە قۆناغی پێش مردن بە پلەبەندییەكی نیوچە جێگیر روودەدات، سەرەتا هەستكردن بە برسیەتی نامێنێت، دوای ئەوە هەستكردن بە تێنوێتی و دوای ئەو توانای قسەكردن و بینین، هەرچی هەردوو هەستی بیستن و بەركەوتنە، دوایین شتن كە مرۆڤ لەدەستیان دەدات.
شارەزایان پێیان وایە ئەو پلەبەندییە هۆكاری ئەوەیە كە پزیشكان رێنوێنی دەدەن بەوەی قسە لەگەڵ نەخۆش بكرێت و بە نەرمی دەستیان بەر بكەوێت، تەنانەت لە قۆناغی پێشكەوتووی رۆحدان، چونكە پێشبینی دەكرێت ئەو هەستانەیان تا دوا ساتەكان چالاك بن، دێڤید هۆفدا بەڕێوەبەری سەنتەری توێژینەوەی بەركەوتنەكانی مێشك لە زانكۆی كالیفۆرنیا لە لۆس ئەنجلۆس ئاماژە دەكات، لەو قۆناغەدا مێشك دەستبەرداری ناوچە كەمتر گرنگەكان بۆ مانەوە دەبێت، ئەوەش وا دەكات توانای بینین لای هەندێك كەس چالاك بێت، ئەوەش لێكدانەوەی ئەو حاڵەتەیە كە ژمارەیەك لە رزگاربووان لە سەكتەی دڵ لەبارەی هەستكردنیان بە بینینی رووناكییەكی بریسكاوە باسی دەكەن.
لە دوا ساتەكانی تەمەنی مرۆڤ، لە خواردن و خواردنەوە دەوەستێت و بەرە بەرە بینین لەدەست دەدات و چاویان دادەخەن وەك ئەوەی بچنە خەوێكی قووڵەوە، هالینبیك پێی وایە ئەو دۆخە نزیكە لە خەوبینین و لەدەستدانی تەواوەتی هۆش نییە، ئەوە سەرەڕای زەحمەتیی دەستنیشانكردنی وردی ساتی مردن، كە ساتەكەی هاوشێوەی هاتنی رەشەبایەكە، ناتوانرێت سەرەتاكەی بە وردی دیاری بكرێت، بەڵام بەرە بەرە پەرە دەستێنێت تا دەگاتە كۆتاییەكەی.