بۆ كەمكردنەوەی شەڕانگێزی ئۆمێگا3 بخۆ

:: PM:07:13:08/02/2026 ‌

توێژینەوەیەكی نوێی زانستی ئاشكرای كرد كە لە رێگەی وەرگرتنی تەواوكاری خۆراكی ئۆمێگا3 دەتوانرێت تا ئاستێكی باش ئاكاری شەڕانگێزیی مرۆڤ كەم بكرێتەوە، لە رێگەی هێوركردنەوەی مرۆڤ و باشكردنی هاوسەنگیی مێشك، ئەوە جیا لە سوودە زۆرەكانی تری بۆ تەندروستیی مرۆڤ. 

لە توێژینەوەكە دەركەوت كە ترشە چەورەكانی ئۆمێگا3 كە لە رۆنی ماسی و هەندێك خواردنی دەریاییدا هەیە، ئاستی شەڕانگێزیی مرۆڤ تا 28% لەسەر ئاستێكی نزیك كەم دەكەنەوە، تیمی توێژینەوەكە لە زانكۆی پنسلڤانیای ئەمەریكی شیكارییكی تەواویان بۆ 29 تاقیكردنەوەی كلینیكی هەرەمەكیی ئەنجامدارو لەنێوان ساڵانی 1996 و 2024 بۆ نزیكەی چوار هەزار كەس لە تەمەنی جیاجیا و جیاواز لە رووی تەندروستییەوە ئەنجام دا.  

دەركەوت ئەوانەی ئەو ترشە چەورییەیان وەرگرتووە، ئاكاری شەڕانگێزییان كەم بووەتەوە، لەوانە دوو جۆری كاردانەوەی راستەوخۆی دەمارگرتن و شەڕانگێزی پێشوەختە، واتە پیلان بۆ داڕێژراو، ئەوەش بەهۆی ئەوەی ئۆمێگا3 رۆڵی لە كەمكردنەوەی هەوكردنی هەستەدەمارەكان هەیە و پاڵپشتی لە فەرمانی دەمارەخانەكان دەكات و ئاماژە كیمیاییەكان لە مێشك رێك دەخات، ئەوانەش دەبنە هۆی كۆنترۆڵكردنی كاردانەوەكان.

ئەدریان راین توێژەری سەرەكی و زانای دەمارزانیی تاوانكاری پێی وایە كە كاتی ئەوە هاتووە بە رژدی سەیری بەكارهیبَنانی ئۆمێگا3 وەك ئامرازێكی یاریدەدەر بۆ كەمكردنەوەی شەڕانگێزی بكرێت، جا لە كۆمەڵگە یان لە نەخۆشخانە یان لە بواری تاوانكاریدا، توێژەران دەڵێن، ئەو بەڵگانە دەبنە هاندەر بۆ كردنی ئۆمێگا3 بە بەشێك لە سیستمی خۆراكی رۆژانە، جا لە رێگەی خواردنی راستەوخۆی ماسییە چەورەكان وەك سەلەمون و سەردین، بەتایبەتی لە لایەن منداڵ و مێردمنداڵان لەوانەی بە شەڕانگێز ناسراون، ئەوە لە پاڵ چارەسەری تری پزیشكی و دەروونی.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل