پزیشكێكی رووسی: مێشكی مرۆڤ هەرگیز پیر نابێت

:: PM:03:09:09/02/2026 ‌
پزیشكێكی زانستی تەندروستی و سەرۆكی بەشی فسیۆلۆجیا لە زانكۆی سیچینۆڤ لە رووسیا، لەبارەی تەندروستیی مێشكی مرۆڤ دەڵێت، مێشك بەهیچ شێوەیەك پیر نابێ و تا كەسەكە لە ژیاندا بێت، مێشكی جووڵە و هەستەكان وەردەگرێت، كەسێكیش بۆ كەسێكی تر، وەرگرتنی شتەكان جیاواز دەبێت.

پێگەی "شەفەق نیوز" ئەمڕۆ دووشەم نۆی شوبات، لێدوانی ئەلیكسی ئۆمریۆخین كە پزیشكێكی زانستی تەندروستی و سەرۆكی بەشی فسیۆلۆجیا لە زانكۆی سیچینۆڤ لە رووسیایە بڵاو كردووەتەوە. ئەو دەڵێت مێشكی مرۆڤ تا لە ژیاندا بێت پیر نابێت، رەنگە لە قۆناغێكی ژیاندا گەشەی بەهرەكانی بوەستێت كە ئەویش بەپێی تەمەنەوەیە یان نەخۆشییەكی دیاریكراو، بەڵام وەرگرتن لەلای مێشك راناوەستێت، بۆیە مێشك بەهیچ شێوەیەك پیر نابێت.

ئەو پزیشكە زیاتر دەڵێت، سەرنج و وریایی مێشك ئەگەری هەیە لە قۆناغێكی ژیاندا لاواز بێت كە ئەوەیان پێوەندیی بە تەمەن یان نەخۆشییەكی دیاریكراوەوە هەیە، بەڵام لەكار ناوەستێ و هەرگیز پیر نابێت، واتە تەمەنی مرۆڤ ئەگەر بگاتە 90 ساڵ و زیاتریش، واتە بە درێژایی تەمەن، كاری خۆی دەكات.

بۆ ئەوەیش پزیشكەكە ئاماژە بە مێشكی منداڵ و هەرزەكار دەكات كە پێی وایە ئەو قۆناغە، قۆناغی گەشەكردنی مێشكی مرۆڤە، واتە لەو قۆناغەدا مێشكی مرۆڤ دەتوانێ زۆرترین زانیاریی وەربگرێت، كاتێكیش تەمەنی دەگاتە 20 تا 30 ساڵ، دەوڵەمەندتر دەبێت و زۆرترین زانیاری كۆ دەكاتەوە. رەنگە لە دوای مامناوەندیی تەمەندا وەرگرتنی زانیارییەكان جیاوازییان هەبێت، ئەوەیش واتای پیربوونی مێشك نییە، چونكە مێشك و شانەكان وەك خۆیان كاری خۆیان دەكەن، ئەگەری هەیە بە نەخۆشییەكی دیاریكراوەوە لاوازتر بێت، ئەویش نەخۆشییەكە هۆكارە نەك پیریی مێشك.

دواتریش ئەلیكسی ئۆمریۆخین دەڵێت، راستییەك هەیە ئەویش مێشكی پیاو و ژن وەك یەكە، تەنیا ئەوەیە مادەی پرۆجسترۆن لەلای ژن زیاترە، ئەو مادەیەیەش كاریگەریی لەسەر وریایی زیاتر هەیە.



وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د