تەمەندرێژیی مرۆڤ پێوەندیی بە بۆماوەوە چییە؟

:: PM:06:08:09/02/2026 ‌

رەنگە بگوترێت كە مردن كات و ساتی دیار نییە و بابەتێكی غەیبییە، بە بەردەوام دوو هۆكاری سەرەكیی كاریان لە ژیانی مرۆڤ كردەوە و تەمەنیان دیاری كردووە، ئەوانیش ژینگە و بۆماوەن، ئەوان كار لە تەواوی ژیانی مرۆڤ دەكەن و پێكهاتە بایۆلۆجییەكەی و تەندروستییەكەی دیاری دەكەن، توێژینەوەیەكی نوێ باسی رۆڵی جینەكانی مرۆڤ لە دیاریكردنی ناوەندی تەمەنی دەكات.

ماوەیەكی دوورودرێژە باوەڕ وابوو كە هۆكارە بۆماوەییەكان 20 بۆ 25%ی جیاوازییەكان لە ناوەندی تەمەنی مرۆڤ لێك دەدەنەوە، بەشەكەی تری پێوەستە بە ژینگە و شێوازی ژیانەوە، كەچی توێژینەوەیەكی نوێ ئەو بۆچوون و بیروباوەڕەی گۆڕی، ئاماژە دەكات كە كاریگەریی جینەكانی مرۆڤ لەوە زیاترە كە پێشتر باس كراوە.

پێشتر لە توێژینەوەكان هۆكاری مردن زیاتر بۆ هۆكاری دەرەكی وەك رووداوەكان و پەتا و نەخۆشییەكان دەگەڕێندرایەوە، ئێستە، بەتایبەتی لە وڵاتانی پێشكەوتوو، زۆرینەی حاڵەتەكانی مردن بۆ هۆكاری ناوخۆیی وەك پیری و تێكچوون و وەستانی فەرمانەكانی لەش دەگەڕێندرێتەوە، جیا لەو نەخۆشییانەی پێوەستن بەوانەوە وەك كێشەكانی دڵ و خەڵەفان، ئەوەش گرنگیی بۆماوە لە دیاریكردنی تەمەندرێژی دووپات دەكاتەوە.

توێژەران شیكردنەوەیان بۆ داتای ژمارەیەكی زۆری دووانەكان كرد، حاڵەتەكانی مردنیان بە هۆكاری دەرەكی دوور خستەوە، وەك رووداو و نەخۆشییەكان، دەركەوت هۆكارە بۆماوەییەكانی كار لە ناوەندی تەمەنی مرۆڤ دەكەن زۆر لەوەی پێشتر خەمڵێندراوە زیاترە، واتە لە 20 بۆ 25% بۆ 50 و 55% بەرز بووەتەوە، كاتێك بۆماوە هۆكاری جیاوازی لە تووشبوون بە نەخۆشییەكانی دڵ و خەڵەفان لێك دەداتەوە، لەگەڵ ئەوەش توێژەران ددان بەوەدا دەنێن كە نزیكەی نیوەی جیاوازیی ناوەندی تەمەنی مرۆڤ دەوەستێتە سەر هۆكار ژینگەییەكان و شێوازی ژیان و چاودێریی تەندروستی.    



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل