كاریگەریی گەرمكردنی دەست و پێ لەسەر نوستنی شەوانە چییە؟

:: PM:09:12:11/02/2026 ‌

رەنگە زۆرێك هەستیان پێی كردبێت كە پێیەكانیان ساردە، بەتایبەتی شەوانە لەكاتی چوونە ناو جێگە بۆ نوستن، گۆڤاری "تایم"ی ئەمەریكی باسی هۆكارەكەی دەكات و پێی وایە وا باشترە بەر لە نوستن مرۆڤ پێیەكانی گەرم بكاتەوە، كە كار لە باشیی و خێرایی نوستنەكەی دەكات. 

كینیس دیلەر مامۆستای ئەندازیاریی پزیشكیی بایۆلۆجی لە زانكۆی تەكساس دەڵێت، پلەی گەرمی لەش رۆڵێكی گەورە و سەرەكی لە رێكخستنی سووڕی نوستن هەیە، ئەوكاتەی پلەی گەرمی هەندێك لە ئەندامە سەرەكییەكان ساردترە و پەلەكانی گەرمترن، لەشی مرۆڤ باشتر دەچێتە ناو خەوەوە.

هۆكاری باشتربوونی خەو بە گەرمكردنەوەی پەلەكان، چەند توێژینەوەیەك كە چەند دەیەساڵێك بەردەوام بوون، دەریان خست كە ئەو كەسانەی دەست و پێیان گەرمە، خێراتر خەویان لێ دەكەوێت بە بەراورد بەوانەی پەلەكانیان ساردە، چونكە لەش پێویستیی بەوەیە كە پلەی گەرمیی ناوخۆیی كەم بكاتەوە بۆ ئەوەی ئاماژە بۆ مێشك رەوانە بكات بەوەی كاتی خەوتنە، بۆیە گەرمكردنی دەست پێ یارمەتی ئەوە دەكات و وا لە لەش دەكات خۆی لە گەرمی زیادە رزگار بكات.

لە رووی زانستییەوە ئەوكاتەی پەلەكانی مرۆڤ، واتە دەست و پێی گەرمن، خوێن بەئاسانی دەگاتە پێست، ئەوەش رێگە بە دەرچوونی گەرمی لە ناوەندی لەش دەدات، لەگەڵ دابەزینی پلەی گەرمی سەرەكیی لەش، مێشك وەڵامی دەبێت و دەچێتە حاڵەتی نوستنەوە، هەرچی ساردبوونی پەلەكانە، رێگری لەو پرۆسەیە دەكەن و چوونە ناو خەو زەحمەتتر دەكەن.

شارەزایان دەڵێن باشترین و ئاسانترین رێگە بۆ گەرمكردنەوە لەپێكردنی گۆرەوی خوری و لۆكەیە بەر لە نوستن، دیلەر دووپاتی كردەوە كە ساردبوونی دەست و پێ وا دەكەن كۆئەندامی دەمار لە حاڵەتی ئامادەسازیدا بێت، لەوكاتەی گەرمكردنەوەیان هێواشی دەكاتەوە و وا دەكات نوستن ئاسانتر و خێراتر بێت، بۆیە هەرچەندە دەست و پێت سارد بێت، ناتوانیت بە باشی بخەویت.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل