دوو تاقیکردنەوەی پزیشکیی نوێ دەریانخستووە، جۆرە کرێمێک کە سەرەتا بۆ چارەسەری زیپکە دروست کراوە، دەتوانێت شۆڕشێک لە چارەسەری کەچەڵیدا بەرپا بکات و گەشەی قژ بە ڕێژەیەکی خەیاڵی زیاد بکات بەبێ ئەوەی کاریگەریی لاوەکیی سێکسی هەبێت.
ئەمڕۆ هەینی 13ی شوباتی 2026، ڕۆژنامەی "دەیلی مەیل" بڵاوی کردەوە، تاقیکردنەوەکان لەسەر کرێمی "کلاسکۆتیرۆن" دەریانخستووە کە دەتوانێت لە ماوەی شەش مانگدا گەشەی قژ بە ڕێژەی 500% لەو پیاوانەدا زیاد بکات کە تووشی هەڵوەرینی بۆماوەیی کەچەڵی بوون.
بەپێی توێژینەوەکە، جیاوازیی ئەم کرێمە لەگەڵ چارەسەرە باوەکانی وەک "مینۆکسیدیل" یان حەبی "فیناستراید" ئەوەیە، ڕاستەوخۆ کار لەسەر ڕەگی قژ دەکات و ڕێگری لە کاریگەریی هۆرمۆنی (DHT) دەکات، بەبێ ئەوەی ببێتە هۆی کەمبوونەوەی حەزی سێکسی یان کێشەی پڕۆستات، کە زۆرجار پیاوان بەهۆی ئەم ترسەوە لە بەکارهێنانی دەرمانەکان دوور دەکەونەوە.
تاقیکردنەوەکان کە ناویان (SCALP 1) و (SCALP 2) بووە، لەسەر نزیکەی 1465 پیاو لە ئەوروپا و ئەمەریکا ئەنجام دراون. لە یەکێک لە توێژینەوەکاندا دەرکەوتووە ژمارەی تاڵە مووەکان بە ڕێژەی 539% زیادی کردووە، لەوەی تریشدا 168%.
پڕۆفیسۆر ماریا هۆردینسکی لە زانکۆی مینیسۆتا دەڵێت: "ئەمە خاڵێکی گرنگە، چونکە ترس لە لاوازبوونی حەزی سێکسی ڕێگر بوو لە بەردەم زۆر پیاودا بۆ وەرگرتنی چارەسەر، بەڵام ئەم کرێمە نوێیە ئەو کێشەیەی نییە".
پێشبینی دەکرێت لە بەهاری داهاتوودا، دوای وەرگرتنی ڕەزامەندیی دەسەڵاتی دەرمانی ئەمەریکا و ئەوروپا، ئەم دەرمانە بە ڕەچەتەی پزیشک بکەوێتە بازاڕەکانەوە.