لەو ناوچانەی كە بەردەوام جەنگیان لێ روو دەدات، هاووڵاتییانیان بەردەوام لە دۆخێكی ناسەقامگیریی دەروونیدان، ئەوە بەتایبەتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگرێتەوە كە جەنگ رووی لە زۆر وڵاتی ناوچەكە كردووە، ئەوەیش بۆ هاووڵاتییانی ئەو وڵاتانە، كێشەی تەندروستی دروست دەكات بەتایبەتی دۆخی دەروونی. پزیشكێك لەوبارەیەوە بۆچوونی خۆی دەخاتەڕوو.
پێگەی "
شەفەق نیوز" ئەمڕۆ شەموو 14ی شوبات، هەواڵەكەی لە "بی بی سی"ی عەرەبی وەرگرتووە كە ماری مەرزووق پزیشكێكی بواری دەروونییە و قسەی بۆ كردووە، ئاماژە دەدات ئێستە كە دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دۆخێكی زۆر خراپیدا چاوەڕوانكراویی جەنگدایە، بەتایبەتی ماوەیەكە ئەمەریكا هەڕەشەكانی بۆ سەر ئێران چڕتر كردووە و ناوچەكە چاوەڕێی بەرپابوونی جەنگێكی گەورە دەكات، ئەوە دۆخی دەروونیی هاووڵاتییانی ناوچەكەی تێكداوە و تووشی نەخۆشیی دڵەڕاوكێی كردوون.
دووپات دەكاتەوە كە ململانێیە دووبارەبووەكان، وا دەكات هاووڵاتییانی ناوچەكە بەردەوام چاوەڕێی بەرپابوونی جەنگ بكەن و تەواوی هەستیان لە گوێگرتن لە تەقینەوەكاندا بێت، ئەوەیش وا دەكات رۆژانە و شەوانە بیریان لە دەنگی تەقینەوە و شەڕ بێت، بۆیە دەبینرێت دۆخی دەروونی خەڵك تێكدەچێت و ئەو دۆخە دەروونییە، ئەگەری زۆرە كاریگەریی لەسەر نەوەكانی دواتریش هەبێت.
ئەو پزیشكە جیا لە روودانی جەنگ و گوێگرتن لە تەقینەوەكان و كاریگەریی لەسەر دۆخی دەروونی خەڵك، دووپات لەوەیش دەكاتەوە كە بەهۆی چاوەڕوانیی بەرپابوونی جەنگ، وا دەكات دۆخی بژێویی خەڵكیش خراپتر بێت و باری ئابووری زیاتر دابڕمێت، كەلوپەل بەگشتی گران دەبن و سووتەمەنیش بەهەمانشێوە، جووڵەی فڕۆكەخانەكانیش لاواز دەبن كە هەموو ئەوانە وا دەكەن، هەژاری روو لەو ناوچانە بكات، دواتریش دۆخی تەندروستیی دەروونی كاریگەرییەكەی بە روونی دەردەكەوێت.
باس لەوەش دەكات كە چاوەڕوانیی بەرپابوونی جەنگ، وا دەكات خەڵكی ئەو ناوچانەی لە چاوەڕوانی جەنگدان، بۆیان ئەستەم دەبێ كۆنترۆڵی مێشكی خۆیان بكەن، چونكە لەو كاتانەدا مرۆڤ تووشی ترس و دڵەڕاوكێ دەبێت، بەوەیش جەستە هۆرمۆنی ئەدرینالین و كۆریتیزۆڵ بەرهەم دێنێت كە ئەو هۆرمۆنە تایبەتە بە دڵەڕاوكێ و گەشەی زیاتری پێ دەكات.
دواتریش ئەو پزیشكە، باسی لە كاردانەوەكانی چاوەڕوانیی جەنگی لەلای خەڵكەوە كرد كە بەهۆیەوە تووشی دۆخی دەروونی دەبن، هاوكات لەو كاردانەوەدا مرۆڤ تووشی سەرئێشە و سەرسوڕان دەبێت، هەروەها ئازاری ماسولكە كێشەی گەدە، هەروەها ئازار لە سینگ و خێرایی لێدانی دڵ. جیا لەوانەیش مرۆڤ تووشی كێشەی لاوازیی كردەی سێكس دەبێت.