شەكر و كاربۆهیدرات سەرچاوەی سەرەكین بۆ وزە كە لەشی مرۆڤ رۆژانە بۆ بەجێگەیاندنی فەرمانەكانی پێویستی پێی هەیە، بەڵام زۆر خواردنی ئەگەری و مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشی شەكرە زیاتر دەكات، بۆیە چەند جۆرێكی تر لە شەكر و كاربۆهیدرات دروست كراون وەك شوێنگرەوە، بەڵام توێژینەوەكان وریایی لە زۆر بەكارهێنانی ئەوانیش دەدەن.
یەكێك لە شیرینكەرە شوێنگرەوەكانی شەكر
"ئەریسریتۆل"ە كە بەكارهێنانی زۆر بڵاوە، بەتایبەتی لە لایەن ئەوانی سیستمی خۆراكی كیتۆ پێڕەو دەكەن، ساڵانێكە وەك شوێنگرەوەیەكی بڵاو بۆ شەكر پشتی پێ دەبەسترێت، توێژینەوەیەكی نوێ ئاماژە دەكات كە ئەو جۆرە شیرینكەرە بە نەرێنی كار لە یەكێك لە سیستمە گرنگەكانی پاراستنی لەش دەكات، ئەویش بەربەستی خوێنە لە مێشك، بەوەش مەترسیی تووشبوون بە سەكتەی مێشك زیاتر دەكات.
ئەو بەربەستە لە مێشك وەك سیستمێكی وردی پارێزەر كار دەكات، خوێن لە شانەكانی مێشك دیا دەكاتەوە و رێگە بە چوونەژوورەوەی خۆراك دەدات و رێگری لە چوونەژوورەوەی ژەهر و مادە زیانبەخشەكان دەكات، بۆیە هەر كێشەیەك لەو سیستمە وا دەكات مێشك بكەوێتە مەترسیی تووشبوون بە هەوكردن و جەڵتە و كەمیی گەیشتنی ئۆكسجین.
لە تاقیكردنەوەی تاقیگەیی توێژەران ئەو سیستمەیان خستە ژێر كاریگەریی ئاستێكی ئەریسریتۆل، واتە بەو رێژەی لە خوێن لە دوای خواردنەوە شیرینكراوەكە پێی هەیە، بۆیان دەركەوت ئەركێكی ئۆكسێنەر دروست دەكات، واتە زیادبوونی رەگە ئازادە زیانبەخشەكان لەگەڵ كەمبوونەوە و لاوازبوونی بەرگری بۆ دژە ئۆكسێنەرەكان، ئەوەش زیانی بە فەرمانی خانەكان گەیاند و بووە هۆی مردن و لەناوچوونی هەندێكیان، جیا لەوە بۆیان دەركەوت كە سیستمی گەیشتنی خوێن بۆ مێشك زیانی بەر كەوتووە، وای كردووە لوولەكانی خوێن لە مێشك بە بەردەوام بە گرژی بمێننەوە، جیا لە لاوازكردنی میكانیزمی تواندنەوەی مەینی خوێن، كە رێگرە لە پەرەسەندنی خوێن مەین، ئەوەش نیشانەیەكی وریاكەرەوەیە بۆ مەترسیی سەكتەی مێشك بەهۆی داخرانی لوولەكانی خوێن لە مێشك.