زۆرینەی ئەو خۆراكانەی لە بازاڕەكان هەن، بەتایبەتی دروستكراو و لەقوتوونراو و ئەوانەی لە بۆن و رەنگ و چێژ و هیتریشەوە دەستكاری كراون، رەنگە خواستیان لەسەر هەبێت، بەڵام لە رووی تەندروستییەوە زیانیان هەیە، توێژینەوەیەكی نوێی ئەمەریكی باسی ئەوە دەكات ئەو كەسانەی بڕێكی زۆر لەو جۆرە خۆراكانە دەخۆن، مەترسیی زیاتری تووشبوونیان بە دڵەنۆرە و سەكتەی مێشك لەسەرە.
بەپێی
توێژینەوەكە ئەوانەی بڕێكی زۆری خۆراكە دەستكاریكراوەكان دەخۆن، 47% زیاتر مەترسیی تووشبوونیان بە دڵەنۆرە و سەكتەی مێشك هەیە، كاتێك توێژەران لە كۆلێجی پزیشكی لە زانكۆی فلۆریدا ئەتلانتیك، بۆ گەیشتن بەو ئەنجامە پشتیان بە داتای ژمارەیەكی فرەوانی كەسەكان بەست.
خۆراكە دەستكاریكراوەكان بریتین لەو خۆراكانە بەرهەمهێنراون و سروشتی نین، دەستكارییەكی زۆریان كراوە لە رووی زیادكردنی شەكر و شیرینكردن و چەوری دەستكاریكراو و چارەسەركراو و زیادكردنی مادەی كیمیایی وەك رەنگ و چێژ و گۆڕینی شێوەكەی، لەوانە خواردنەوەی گازی و خۆراكە لەقووتوونراوەكان و گۆشتە بەرهەمهێنراوەكان و شیرینی بازرگانی.
بەپێی داتاكان ئەو جۆرە خۆراكانە لە ئەمەریكا 60%ی سەرچاوەی كالۆری لای كەسانی پێگەیشتوو و 70%ی سەرچاوەی كالۆری لای منداڵان پێك دێنن، دوای شیكردنەوەی زانیارییەكانی 4.787 كەسی پێگەیشتوو، دەركەوت ئەوانەی زۆر ئەو جۆرە خۆراكانە دەخۆن، 47% مەترسیی تووشبوونیان بە نەخۆشییەكانی دڵ و لوولەكانی خوێن زیاترە.
مەترسیی ئەو جۆرە خۆراكانە بریتییە لە زیادبوونی تێكڕای قەڵەوی و بەرزیی پەستانی خوێن و زیادبوونی رێژەی كۆلیسترۆڵ و بەرگری بۆ ئەنسۆلین و تێكچوونی میتابۆلیسم، جیا لە زیادبوونی ئاستی پرۆتین سی، كە ئاماژەیەكە بۆ هەوكردن، ئەوەش پێوەندی بە تووشبوون بە كێشەی دڵ لە داهاتوو هەیە.