بەپێی زانستی دەروونی و بەپێی توێژینەوەكان كە زانایانی بوارەكە ئەنجامیان داوە، خوێندنەوە و نووسین و هاوكات فێربوونی زمانە جیاجیاكان، رۆڵی سەرەكی دەگێڕن لە دووركەوتنەوە لە نەخۆشیی لەبیرچوونەوە و خڵەفان "زەهایمەر"، بۆیە لێرەدا توێژەران بە وردی باسی ئەو بوارە و ئەنجامی توێژینەوەكانیان دەكەن.
پێگەی "
ئیلاف" كە لەوبارەیەوە پشتی بە رۆژنامەی "دایڵی مێڵ"ی بەریتانی بەستووە، لەوێدا ئەنجامی توێژینەوەیەك لەبارەی پێوەندیی خوێندنەوە و نووسین و فێربوونی زمانەكان لەگەڵ زەهایمەر بڵاو كراوەتەوە، بەپێی ئەو توێژەرانەی كاریان لەسەر توێژینەوەكە كردووە، بەوە گەیشتوون كە خوێندنەوە و نووسین و فێربوونی زمانەكان، رۆڵی سەرەكی دەگێڕن لە دووركەوتنەوەی مرۆڤ لە زەهایمەر، بەلای كەمەوە پێنج ساڵ زیاتر لە نەخۆشییەكە دوور دەكەونەوە.
پرۆفیسۆر ئەندریا زامیت پسپۆر لە بواری زانستی دەروونی لە سەنتەری راش بۆ لێكۆڵینەوە لە زەهایمەر و هاوكات سەرپەرشتیاری توێژینەوەكەیە گوتی، توێژینەوەكە لە قۆناغی منداڵییەوە دەستی پێ كردووە و قۆناغ بە قۆناغ لێكۆڵینەوەی لەسەر بوارەكە كردووە، سەرنجی وردی خستووەتە سەر چالاكی و جووڵەكانی مێشك، بۆ ئەوەیش زیاتر سەرنجی لەسەر ئاستی فكریی كەسەكان كردووە، لە ئەنجامدا بەوە گەیشتووەتە كە خوێندنەوە و نووسین و فێربوونی زمانەكان، هۆكارن بۆ دووركەوتنەوە لە زەهایمەر.
باس لەوە دەكرێ كە خڵەفان جۆرێكی باوی زەهایمەرە و كاریگەریی زۆری لەسەر تەندروستی بەشێوەیەكی گشتی هەیە، لە ساڵێكدا لە بەریتانیا ئاماری مردنی دوو هەزار و 500 كەس بەو نەخۆشییەوە تۆمار كراوە، هاوكات چارەسەرێكیش بۆ ئەو نەخۆشییە بەردەست نییە، بۆیە هەرچی بكرێت بۆ دووركەوتنەوە لەو نەخۆشییە و زەهایمەر بە هەموو جۆرەكانی، گرنگە.
ئەو توێژینەوەیەی كراوە، هەزار و 939 كەس لە تەمەنی دەوروبەری 80 ساڵی گرتووەتەوە، پێشتر هیچ كەسێك لەوان تووشی زەهایمەر نەبوون و بەپێی كاتەكان كە هەشت ساڵی خایاندووە، 551 كەسیان تووشی نەخۆشییەكە بوون، 719 كەسیش لەو نەخۆشییە دوور بوون.
دواتریش توێژەران لەبارەی ئەنجامەكانی توێژینەوەكەیان ئاماژە بەوە دەكەن، هەموو ئەو 719 كەسەی لە توێژینەوەكە كە تووشی زەهایمەر نەبوون، سەرجەمیان پەرەیان بە خوێندنەوە و نووسین و فێربوونی زمانە جیاجیاكان داوە، ئەوانی تر كە 551 كەسەكەی تر بوون، دوور بوون لە خوێندنەوە و نووسین و فێربوونی زمانەكان، بۆیە هەوڵدان بۆ فێربوون، رێگە راستەكەیە بۆ دووركەوتنەوە لە زەهایمەر بە هەموو جۆرەكانیەوە.