گوشارە داراییەكان پیربوونی دڵ خێرا دەكەن

:: PM:07:02:17/02/2026 ‌

دڵ و مێشكی مرۆڤ رۆڵی گەورەیان لە تەمەنی بایۆلۆجیی مرۆڤ هەیە، واتە تەمەنی جەستەی، كەسانێك هەن تەمەنیان هەیە، بەڵام دڵ و مێشكیان پیر نەبووە، كەسانێكیش هەن لە تەمەنێكی زوو تووشی پیربوونی دڵ و مێشكیان دەبنەوە، توێژینەوەیەك باسی دەكات كە گوشارە داراییەكان زیانێكی هاوشێوەی بەرزیی پەستانی خوێن و جگەرەكێشان بە دڵ دەگەیەنن.

توێژینەوەكە كە لە كۆواری "مایۆ كلینیك برۆسیدینگیز" بڵاوی كردەوە، هەندێك هۆكاری كۆمەڵایەتی لە ژیانی رۆژانەی مرۆڤ، رۆڵێكی گرنگ لە تەندروستی دڵ دەبینن، دوای شیكردنەوەی داتای زیاتر لە 280 هەزار كەس، دەركەوت كە گوشارە داراییەكان و نەبوونی ئاسایشی خۆراك، دوو هۆكاری سەرەكین و پێوەندییان بە خێرایی پیربوونی دڵەوە هەیە.  

ئەو كەسانەی بە دەست گوشاری دارایی دەناڵێنن، بەدەست كێشەكانی رارایی و تەنیایی و خەمۆكییەوە دەناڵێنن، ئەوەش پیربوونی دڵیان خێرا دەكات و دەیخاتە مەترسییەوە، ئەمیر لیرمان پزیشك دەڵێت، پزیشكەكان سەرنج دەخەنە سەر هۆكارە ئاساییەكانی وەك كۆلیسترۆڵ و جگەرەكێشان و نوستن، بەڵام لەبارەی هۆكارە كۆمەڵایەتی و ژینگەییەكان لە نەخۆش ناپرسن كە كار لە تەندروستی گشتی و دڵیان دەكات.

روونی كردەوە، بەپێی ئەنجامەكان، پێویستە پزیشك پشكنین و بەدواداچوون بۆ گوشارە داراییەكان و هیتریش لە كێشە كۆمەڵایەتییەكان بكات وەك بەشێك لە هەڵسەنگاندنی بۆ مەترسیی نەخۆشییەكانی دڵ، ئەگەرچی توێژینەوەكە بە وردی باسی چۆنیەتی كارتێكردنی گوشاری دارایی لەسەر تەندروستی دڵ نەكرد، بەڵام ئەو جۆرە گوشارە دەبێتە هۆی زیادبوونی دەردانی هۆرمۆنی كۆرتیزۆل، كە پەستانی خوێن و ئاستی كۆلیسترۆڵ بەرز دەكاتەوە.

شارەزایانی تەتدروستی پێیان وایە كاریگەریی گوشاری دارایی بەهۆی درێژخایەنی و دووبارەبوونەوەی بەهێزە، ئەوەش تەنیا بارگرانییەكی دەروونی دروست ناكات، بەڵكو كێشە بۆ دڵ دروست دەكات، چونكە هەوكردنێكی گشتی و درێژخایەن لە لەش دروست دەكات و دەبێتە هۆی كەڵەكەبوونی خەپلەكانی خوێن لەناو خوێنبەرەكان، دەشبنە هۆی رەقبوونی خوێنبەرەكان و مرۆڤ تووشی دڵەنۆرە و سەكتەی مێشك و كێشەی تری مەترسیدار دەكەن.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل