گوێزی هیندی كە لە هەندێك وڵات پێی دەگوترێ "سۆبیا"، بە خواردن و خواردنەوەیەكی رەمەزانی هەژمار دەكرێت، چونكە لە بەربانگدا و لە دوای نانخواردن، یەك كووپ شیری ئەو گوێزە بخورێتەوە، تەواوی توینێتیتان دەشكێنێت، جیا لە سوودە تەندروستییەكانی، هاوكات ئەگەر زێدەڕۆیی نەكەین لە خواردن و خواردنەوەی، لە زیانەكانی بێبەش نابین.
بەشی تەندروستیی پێگەی ئەلیكترۆنیی رۆژنامەی رۆژانەی "
ئەهرام"ی میسری، بەبۆنەی مانگی رەمەزانەوە هەواڵێكی لەبارەی گوێزی هیندی بڵاو كردووەتەوە كە بە خواردن و خواردنەوەیەكی رەمەزانی هەژماری دەكات، بەتایبەتی شیری ئەو گوێزە بۆ جەستە زۆر گرنگە و سوودی زۆر دەگەیەنێت، تامێكی نیمچە شیرینی هەیە و بە خواردنەوەی، راستەوخۆ توینێتیتان دەشكێنێت. جیالەوەی لەڕووی ڤیتامینەكانەوە بەسوودە، بەڵام ئەگەر بەشێوەیەكی تەندروست نەخورێتەوە، ئەگەری زۆرە زیان بە تەندروستی بگەیەنێت.
پسپۆرانی بواری خۆراك لەبارەی سوودەكانی گوێزی هیندی، زانیاریی بۆ پێگە میسرییەكە دەخەنەڕوو كە لەبەرئەوەی شیرینییەكەی سروشتییە، رۆڵی دەبێ لە ئەركی هەرس و لە دوای شكاندنی رۆژوویش، وزەی زۆر بە جەستە دەبەخشێت، بۆ نموونە قەرەبووكردنەوەی ئەو ئاوەی بەهۆی رۆژگرتنەوە لە جەستە فڕێ دەدرێت، هەروەها كەمكردنەوەی ماندوویی بەهۆی رۆژووەوە، بەڵام بۆ هەموو ئەوانە پێویستە زێدەڕۆیی لە خواردن و خواردنەوەی نەكرێت.
لەبارەی ئەوەی چ كاتێك گوێزی هیندی و شیرەكەی زیان بە جەستە دەگەیەنن؟ پسپۆران وەڵام دەدەنەوە كە بەتایبەتی ئەوانەی نەخۆشیی شەكرەیان هەیە لە جۆری دووەم، پێویستە زۆر بە كەمی بیخۆنەوە. هەروەها نابێ شەكری پیشەسازی بكرێتە ناوی، هاوكات هەندێك رەنگی پیشەسازی بكرێتە ناوی زیانی پێ دەگات، هەموو ئەوانە لە سوودەكانی كەم دەكەنەوە و زۆرجاریش بە زیان دەگەڕێنەوە. دواتریش نابێ بۆ ماوەیەكی زۆر هەڵبگیرێت، بۆ نموونە لەناو ساردكەرەوە، باشترە لەگەڵ شكاندنی گوێزەكە، راستەوخۆ بخورێت و شیرەكەیشی بخورێتەوە.
دواجاریش پسپۆران لەبارەی زیانەكانی و زێدەڕۆیی لە خواردن و خواردنەوەی دەڵێن، رێژەی شەكر لە خوێندا بەرزتر دەكاتەوە. هاوكات كێشی جەستە زیاتر دەكات. كێشە بۆ ئەركی هەرس دروست دەكات. بەتایبەتی لە دوای شكاندنی رۆژوو و نانخواردن ئەگەر زێدەڕۆیی لە خواردن و خواردنەوەی گوێزی هیندی بكرێت، جەستە تووشی داهێزران دەبێت.
دوا ئامۆژگاریش پسپۆران دەڵێن، بەتایبەتی ئەوانەی نەخۆشیی شەكرەی جۆری دووەمیان هەیە، بەبێ رێنوێنیی پزیشكی پسپۆر، گوێزی هیندی نەخۆن و شیرەكەی نەخۆنەوە.