بۆچی لە رەمەزان تووشی سەرئێشە دەبین؟

:: PM:06:50:21/02/2026 ‌

رۆژووەوانان لە مانگی رەمەزاندا سیستمەكانی خۆراك و خەو و ژیانیان دەگۆڕێت، زۆرێكیان لە سەعاتەكانی دوایی بەر لە فتاركردنەوە، بەتایبەتی لە رۆژانی سەرەتای مانگەكە، تووشی سەرئێشتە دەبن، شارەزایان پێیان وایە حاڵەتەكە كاتییە و رەنگە دوای راهاتن نەمێنێت.

شارەزایان ئاماژە دەكەن كە چەند هۆكارێك بۆ ئەو جۆرە سەرئێشە هەیە، لەوانە كەمبوونەوەی شلەی لەش و وشكهەڵگەڕان بەهۆی كەمیی خواردنەوەی ئاو، كە لە هۆكارە سەرەكییەكانی سەرئێشەیە، هەروەها دابەزینی رێژەی شەكری خوێن بەهۆی گۆڕانی ژەمەكانی خۆراكی رۆژانە، لەپاڵ كەمبوونەوەی ئەو كافایینەی هەندێك لەسەری راهاتوون، وەك چا و قاوە و خواردنەوە وریاكەرەوەكانی تر.

جیا لە هۆكارە خۆراكییەكانی باس كرا، هۆكاری تریش هەن، لەوانە گۆڕان لە سیستم و كاتی خەوتن و گۆڕانی كاتژمێری بایۆلۆجی، ئەوانە ئەگەری تووشبوون بە سەرئێشە زیاتر دەكەن، لەپاڵ شەكەتی و رارایی، بەتایبەتی ئەوانە رۆژانە كاری قورس و ورد و بەردەوامیان هەیە.

بۆ خۆپاراستن لە سەرئێشە شارەزایان رێنوێنی دەدەن بە وەرگرتنی زنجیرەیەك رێوشوێنی ئاسان، لەوانە خواردنەوەی ئاوێكی گونجاو و باش لە دوای فتاركردنەوە تا كاتی پارشێو، خواردنی پارشێوێكی هاوسەنگ و دەوڵەمەند بە ریشاڵ و پرۆتین، كەمكردنەوەی بە هەنگاوی كافایین و راهاتن لەسەری و رێكخستنەوەی خەو و تەرخانكردنی كاتی گونجاو بۆ حەسانەوە و خۆپاراستن لە شەكەتبوونی بەهۆی كارەوە و خواردنی ژەمی فتاركردنەوە بە هاوسەنگی، بەگشتی ئەو سەرئێشە لەگەڵ راهاتن لەگەڵیدا كەم دەبێتەوە.       



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل