ڤیتامین دی بۆ تەندروستیی ئێسك و مژینی كالیسیۆم پێویستە، زۆر كەس بەدەست كەمیی ئەو ڤیتامینەوە دەناڵێنێت، بەڵام كەمبوونی لە ژن بە بەراورد بە پیاو زیاترە، بەگشتی كەمیی ئەو ڤیتامینە لە لەش مەترسیدارە و دەبێتە هۆی لاوازیی ئێسك و زیادبوونی مەترسیی تووشبوون بە پووكانەوەی.
د. ناتالی سو پزیشكی پسپۆڕی دەرمانسازی دەڵێت، چەند هۆكارێك هەن وا دەكەن ژنان زیاتر بەدەست كەمیی ئەو ڤیتامینەوە بناڵێنن، لەوانە گۆڕانكاریی هۆرمۆنی، كاتێك لەشی ژن ئاستێكی زیاتر هۆرمۆنی ئیسترۆجینی تیادایە، كە رۆڵی گرنگی لە گۆڕینی ڤیتامین دی بۆ ئەو شێوە هەیە كە لەش بەكاری دێنێت، بۆیە لە كاتی وەستانی سووڕی مانگانە ئەو هۆرمۆنە كەم دەبێتەوە و چالاكبوونی ڤیتامین دی كەم دەبێت و ئاستەكەی لە خوێن دادەبەزێت و بەوەش مژینی كالیسیۆم كەم دەكات و مەترسیی لاوازبوونی ئێسك سەر هەڵدەدات.
هەرچی لە قۆناغی دووگیانی و شیردانە، پێویستی بە ڤیتامین دی بۆ دابینكردنی كالیسیۆمی پێویست لە لایەن دایك بەرز دەبێتەوە، جیا لە پێویستی بۆ بەهێزكردنی ئێسكی كۆرپەلە كە لە دایك بۆی دەچێت، هەروەها ژنان زیاتر ئەگەری تووشبوونیان بە پووكانەوەی ئێسك هەیە، چونكە خۆی بەهێزیی ئێسكیان كەمترە و لەگەڵ چوونە ناو تەمەن ئێسكیان لاوازتر دەبێت، بۆیە پێویستییان بە ڤیتامین دی زیاتر هەیە بۆ مژینی كالیسیۆم.
ئەوانە جیا لە زۆری رێژەی چەوری لە لەشی ژن، چونكە ئەو ڤیتامینە لە چەوری دەتوێتەوە، هەروەها كەم بەركەوتنی تیشكی خۆر، كاتێك ژنان زیاترین كات بەهۆی كارەكانیان لە ژوورەوەن و ئەگەر بچن بۆ دەرەوەش دژەخۆر بەكار دێنن یان پۆشاكەكانیان لەشیانی داپۆشتووە و كەمتر بەر تیشكی خۆر دەكەون بۆ بەرهەمهێنانی ئەو ڤیتامینە لە لایەن پێستەوە.