لە مانگی ڕەمەزاندا سەعاتەكانی خەوتن كەم دەبێتەوە، چونكە زۆرجار ڕۆژووەوانان دوای نیوەی شەو دەچنە سەر جێگا، ئەمەیش دەبێتە هۆی ئەوەی بەیانیان درەنگتر لە خەو هەڵسێ و خەواڵوویی ڕۆژ زیاد دەكات.
ئەم تێكچوونە لە سووڕی خەودا كاریگەری نەرێنی لەسەر باری دەروونی و بەرهەمهێنانی خێراتر دەبێت، بۆیە د. محەمەد میرزا پسپۆری فسیۆلۆجی پزیشكی، ئەو بابەتە بە تەواوی بۆ "وشە" روون دەكاتەوە.
سەختی ڕامان و بێتوانایی لە بڕیار دان
شێوازی خەوتنت ڕێك بخە، بۆئەوەی دڵنیا بیت كە بەشی پێویست خەوی بێ پچڕانت دەست دەكەوێت، بۆ نموونە هەوڵ بدە شەوانە لانی كەم چوار سەعات بخەویت دوای ڕۆژوو شكاندن، لە نیوەڕۆدا بۆ ماوەی 15-20 خوولەك خەوی كورت بكە، بەڵام دوور بكەوەرەوە لە خەوتنی زۆر، چونكە ئەمە دەبێتە هۆی سەرگێژخواردن و هەست بە خەواڵوویی زیاتر لەچاو پێش خەوتن.
خشتەی خەوتنی ڕێكوپێك بۆ مانگی ڕەمەزان دابنێ، خەوتن و خەبەربوونەوە بە نزیكەیی لە هەمان كاتدا هەموو ڕۆژێك. دوور بكەوەرەوە لە خواردنی مادە هاندەرەكانی وەك قاوە، چا و خواردنەوە گازییەكان چوار سەعات پێش خەوتن.
پێش خەوتن ژوورەكەت ئامادە بكە بۆ خەوێكی ئارام و بێ پچڕان، بە نەهێشتنی سەرچاوەی تێكچوون و گڵۆپی ڕووناك و مۆبایل و تەلەڤزیۆن.
لە دۆخێكی دروستدا بخەوە، باشترە لەسەر لای ڕاستت بیت و دەستی ڕاستت لە ژێر ڕوومەتتدا بێت، بەپێی سوننەتی پێغەمبەری ئیسلام.
خواردنی ژەمێكی تەندروست لە بەربانگ (ئەو ژەمە بۆ ڕۆژوو شكاندن)، دووركەوتنەوە لە خواردنە چەورەكان و شەكرەكان كە ڕێگری لە هەرسكردن دەكەن.
چی دەبێتە هۆی كەمخەوی لە مانگی ڕەمەزاندا و چارەسەر چییە؟
كەمخەوی لە ئەنجامی زیادەڕۆیی لە خواردن ڕوودەدات، بەتایبەتی ئەو خۆراكە چەورانە و ئەو خۆراكانەی كە هەرسكردنیان قوورسە، بۆ كەمكردنەوەی كەمخەوی، باشتر وایە دووربكەویتەوە لە زیادەڕۆیی لە خواردن و لەبری ئەوە ژەمە سادە و تەندروستەكان بخۆیت، هەروەها خۆت بەدوور بگریت لە خەوتنی ڕاستەوخۆی دوای خواردن.
هۆكاری خەواڵوویی و ئارەزووی خەوتن لە كاتی بەڕۆژووبووندا چییە؟
ئەم نیشانانە ڕوودەدەن؛ لە ئەنجامی زیادەڕۆیی لە خواردن، لەش ناچار دەبێت بەشێكی زیاتری خوێن ئاراستەی كۆئەندامی هەرس بكات لەسەر حیسابی ئەو بڕەی كە بۆ مێشك تەرخانكراوە، ئەمەش دەبێتە هۆی خەواڵوویی. بۆ كەمكردنەوەی ئەمەش؛ باشترە زیادەڕۆیی نەكەیت، بەڵكو تەنیا ئەو شتانە بخۆیت كە پێویستە.