پەتایەك بڵاو بووەتەوە و نیشانەكانی لە ساڵی رابردوو قورسترن

:: PM:01:30:25/02/2026 ‌
ماوەی زیاتر لە دوو هەفتەیە جۆرە پەتایەكی ڤایرۆسی لە هەولێر بڵاو بووەتەوە، بەگوتەی پسپۆرێكی ڤایرۆسی بەهۆی گۆڕانی وەرزەوەیە.

لەگەڵ گۆڕانی وەرزەكاندا پەتا بڵاو دەبێتەوە و ئەمساڵیش لە هەولێر پەتاكە زیاتر تەشەنەی كردووە و بەپێی زانیارییەكان، پەتاكە لە ساڵانی پێشوو قورسترە و زۆرتریش منداڵان دەگرێتەوە.

نەخۆشخانەی ڕاپەڕینی فێركاریی منداڵان بڵاوی كردەوە، پەتایەك لە ئارادایە و زۆرتر منداڵانی گرتووەتەوە، ڕۆژانە بە تێكڕا 150 منداڵ بەهۆی تووشبوونیان بەم پەتایە سەردانی نەخۆشخانەكەیان دەكەن بۆ وەرگرتنی چارەسەر.

لەمبارەیەوە د. سەرمەد حاتەم پسپۆری نەخۆشییە ڤایرۆسییەكان، بە "وشە"ی راگەیاند، نیشانە سەرەكییەكانی ئەم پەتایە بریتین لە: تایەكی بەرز، كۆكەی توند، هەناسە توندی، هەڵامەت و هەندێك جاریش دەبێتە هۆی هەوكردنی سییەكان. 

رێنوێنیی دایك و باوكانیش دەكرێت لە كاتی دەركەوتنی ئەم نیشانانەدا، ئەو منداڵەی پەتاكەی گرتووە لە منداڵەكانی تری دوور بخەنەوە، ڕێكارە تەندروستییەكانی وەك پاكوخاوێنی و داپۆشینی دەم و لووت لە كاتی كۆكەدا ڕەچاو بكەن بۆ ڕێگریكردن لە بڵاوبوونەوەی زیاتری ڤایرۆسەكە.

لەبارەی پەتاكەی ئەمساڵەوە د. سەرمەد گوتی، پەتاكە هەموو ساڵێك لە گۆڕینی وەرزەكاندا هەیە، بەڵام ئەوەی تێبینی كراوە ئەمساڵ ماوەی گرتنی پەتاكە زیاتر بەنەخۆشەكەوە دەمێنێتەوە و نیشانەكانیشی قورسترن.



وشە - سۆران عەزیز