پێوەندیی شێوازی نوستنی منداڵی شیرەخۆرە و ئۆتیزم چییە؟

:: PM:08:43:25/02/2026 ‌

ئۆتیزم یەكێكە لە كێشە گەورەكانی ئەو سەردەمە، توێژینەوەیەكی نوێ دەری دەخات كە شێوازی نوستنی منداڵی شیرەخۆرە، رەنگە ئاماژەیەكی زووی ئەگەری تووشبوونی بە ئۆتیزم تیادا بێت، واتە لە رێگەی چاودێریكردنی كۆمەڵە نیشانەیەكی دەمار و هەست پێوەست بە نوستنی منداڵەكە. 

توێژەران لە زانكۆی ئیست ئەنجیلینا لە بەریتانیا توێژینەوەیان لەسەر چالاكییەكانی مێشك لە كاتی نوستن لە منداڵی شیرەخۆرە كرد، كە ئەوانە زیاتر ئەگەری تووشبوونیان بە ئۆتیزم هەیە، ئەوان پێنج ئاماژەی سەرەكییان دیاری كرد كە رەنگە پێوەندییان بە دەستنیشانكردنی حاڵەتەكە لە داهاتوو هەبێت، لەوانە نوستنی رووكەش و كاریگەریی ژاوەژاو لەسەر نوستنی قووڵ و بەردەوامی كارلێكی مێشك لەگەڵ دەنگەكان، تەنانەت لە قۆناغی نوستنی قووڵدا، هەروەها زەحمەتیی گەیشتن بە نوستنێكی باش تەنانەت لە ژینگە هێمنەكان، لەپاڵ ئاماژەی تری هەستیاریی هەستی.

توێژەران 44 منداڵی شیرەخۆرەیان وەك سامپڵ وەرگرت، تەمەنیان لە نێوان هەشت بۆ 11 مانگ بوو، چاودێریی ئەوانیان لە كاتی سەرخەوشكاندنی دوای نیوەڕۆ كرد و بۆ ئەوەپشتیان بە دایكوباوكیان بەست، بۆ دیاریكردنی كاردانەوەیان بەرانبەر بە دەنگەكان و بەركەوتن و هیتریش، توێژەران دەركەوتنی ئەو ئاماژانەی سەرەوەیان لە بەشێكی ئەو منداڵانە كرد، ئەگەرچی پێیان وابوو كە مەرج نییە ئەوان لە داهاتوو تووشی ئۆتیزم ببنەوە.

د. ئانا دی لایت سەرۆكی تیمی توێژینەوەكە گوتی، ناتوانرێت پشت بە دەستنیشانكردنی ئۆتیزم بەر لە تەمەنی سێ ساڵی ببەسترێت، بەڵام تێبینیكردنی ئەو ئاماژانە، رەنكە یاریدەر بێت بۆ دیاریكردنی ئەو منداڵانەی پێویستییان بە یارمەتیدانی زوو و وریابوونی باوانیان هەیە.




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل