یەكێك لەو ڤیتامینە بەسوودانەی شارەزایانی تەندروستی و پزیشك و راپۆرتە زانستییەكان رێنوێنی وەرگرتنی دەكەن ڤیتامین سییە، بە شێوەیەكی سروشتی یان بە تەواوكاری خۆراك، ماڵپەڕێكی پزیشكی ئاماژە دەكات كە هاوكات لەگەڵ سوودەكان، زیادەڕۆیی لە وەرگرتنی چەند مەترسییەكی هەیە.
ماڵپەڕی "
ڤێری ویڵ هێڵس"، لەسەر بنەمای چەند توێژینەوەیەك باسی پێنج لایەنی خراپ و مەترسیی زۆر وەرگرتنی ئەو ڤیتامینە دەكات وەك لە خوارەوە:
*دروستكردنی بەردی گورچیلە، لە رێگەی زیادكردنی ئاستی ئۆكسالات لە میز، كە دەبێتە هۆی دروستبوونی ئۆكسالاتی كالیسیۆم و بەردی گورچیلە.
*شێواندنی كۆئەندامی هەرس، لە كاتی زۆر وەرگرتنی ڤیتامین سی، كۆئەندامی هەرس تووشی چەند كێشەیەك دەبێت، وەك گرژبوونی گەدە و هێڵنج و سكچوون و دروستبوونی غازات، ئاو لە ریخۆڵە رادەكێشێت و ناوپۆشی كۆئەندامی هەرس دەرووژێنێت.
*زیادبوونی مژینی ئاسن، ئەو ئاسنەی لە خۆراك هەیە بەهۆی ڤیتامینەكەوە زیاتر دەمژرێت و ئەوەش لەوانەی نەخۆشی نیشتنی بۆیەی خوێنیان هەیە، كێشەیان بۆ دروست دەكات و ئاسنی زیاتر لە لەشیان دەنیشێت و تووشی بەریشاڵبوونی جگەر و نەخۆشیبیەكانی دڵ و شەكرە دەبن.
*بەهەڵە دەركەوتنی ئەنجامی پشكنینی تاقیگەیی، وەك پشكنینی شەكری خوێن و میز و هیتریش، بەوەش كار لە ئەنجامەكان و دەستنیشانكردنی نەخۆشییەكان دەكات.
*داخورانی چینی مینای ددان، بەخۆی ترشییەكەیەوە و بە تێپەڕبوونی كات دەبێتە هۆی داخورانی چینی مینای ددان و رەنگی ددان دەگۆڕێت و مەترسیی تووشبوونی بە كلۆربوون و رزین زیاتر دەبێت.