لە رۆژانی مانگی رەمەزاندا بەتایبەتی بۆ ئەوانەی بە رۆژوو دەبن، سیستمی خواردنیان دێتە گۆڕین بەتایبەتی لە بەربانگدا و لەو ژەمەدا خەڵكێكی زۆر زێدەڕۆیی لە خواردن دەكەن، بێگومان ئەوەیش زیانی بۆ تەندروستی دەبێت، بەتایبەتی ئەوانەی لە بنچینەدا كێشەی دڵیان هەیە، بۆیە پسپۆرانی بواری خۆراك ئاماژە بە هەندێك خواردن لە بەربانگدا بۆ ئەوانەی كێشەی دڵیان هەیە، بە مەترسیی رژد دەزانن.
بەشی تەندروستیی پێگەی "
ئەهرام"ی میسری كە هەواڵەكەی لە پێگەیWorld Health Organization وەرگرتووە، پسپۆرانی بواری خۆراك بەبۆنەی مانگی رەمەزان، قسەیان بۆ پێگەكە كردووە و لەبارەی سیستمی خۆراك لەو مانگە و بۆ رۆژووەوان، ئاماژەیان داوە بەتایبەتی ئەوانەی كێشەی دڵیان هەیە و لە رەمەزاندا بە رۆژوو دەبن، بەتایبەتی لە بەربانگدا هەندێك خواردن بۆ تەندروستیی ئەوان باش نییە، بەڵكو مەترسیی لەسەر ژیانیان دروست دەكات، بۆیە زۆر گرنگە بە وریاییەوە بەربانگ بكەن.
پسپۆران جۆری خۆراكەكان دەكەن كە بەتایبەتی ئەوانەی كێشەیان لە دڵ و دەمارەكان هەیە، لەبەرئەوەی كەسی بەڕۆژوو لە پاشێوەوە تا بەربانگ، ماوەیەكی زۆر لە خواردن دوور دەكەوێتەوە و كاتێك دەگاتە بەربانگ، ئارەزووی بۆ زۆر خۆراك دەچێت، بۆیە هەوڵ دەدات زۆرترین خۆراك بخوات. لەناو خواردنە مەترسیدارەكان بۆ دڵ، باس لە خۆراكی سووركراوە دەكرێت كە مەترسیی رژدی بۆ سەر دڵ و دمارەكان هەیە، بەتایبەتی بەهۆی چەورییە زۆرەكەیەوە.
لەبارەی خۆراكە سووركراوەكان ئاماژە بە سووركردنەوەی گۆشت و پەتاتە و مریشك دەكەن كە بۆ نەخۆشانی دڵ مەترسیدارن، چونكە خواردنە سووركراوەكان زۆرترین زەیت و چەوری لەخۆ دەگرن و بەوەیش دەبنە هۆكاری بەرزبوونەوەی ئاستی كۆلیسترۆڵی خراپ، بۆیە بەر لە نەخۆشییەكانی تر، مەترسییەكانی بۆ دڵ زۆر زیاتر دەبێت.
هاوكات باس لە سۆدیۆم لە خۆراك دەكرێت كە ئەویش مەترسییەكی رژدە بۆ سەر نەخۆشانی دڵ، لەناویاندا ئاماژە بە گۆشتە لە قوتووكراوەكان و شۆربای ئامادەكراو و زەڵاتە بازرگاییەكان دەكەن كە ئەوانە زۆرترین سۆدیۆم لەخۆ دەگرن، دواتریش دەبنە هۆكار بۆ بەرزبوونەوەی پاڵەپەستۆی خوێن، بەدوای ئەوەیش زیانگەیاندن بە دڵ و دەمارەكان و گیرانیان.
شیرینییەكان خۆراكێكی ترن كە زیانی زۆر بە نەخۆشانی دڵ دەگەیەنن، بەتایبەتی لە دوای بەربانگدا رۆژووەوان، زیاتر ئارەزووی زیاتری خواردنی دەكەن، خۆی شەكر چەوریی تێدایە، ئەویش راستەوخۆ كاریگەریی نەرێنیی لەسەر دڵ و دەمارەكان دەكات، هاوكات هۆكارێكی تریشە بۆ قەڵەوبوون و ئەویش هەمان مەترسی لەسەر دڵ دروست دەكات. لەگەڵیدا خواردنەوە پیشەسازییەكان لە رەمەزاندا زۆرترین ویستیان لەلایەن رۆژووەوانەوە هەیە، ئەوانیش بێبەش نین لە شەكری پیشەسازی.
هاوكات پسپۆرانی بواری خۆراك ئاماژە بە زۆر خواردن لە بەربانگدا دەكەن كە ئەویش لە كێشە گەورەكانە بەتایبەتی مەترسییەكانی بۆ سەر دڵ و دەمارەكان. ئەوان دووپاتی دەكەنەوە لەبەرئەوەی كەسانی رۆژووەوان بە درێژایی رۆژ لە ئاو و خواردن دوور دەكەونەوە، بۆ كاتی بەربانگ ئارەزووی زۆریان بۆ خواردن دەچێت، بۆ ئەوەیش زێدەڕۆیی لە خواردن دەكەن، ئەوەیش وا دەكات پاڵەپەستۆی خوێنیان بەرز ببێتەوە و هاوكات ناهاوسەنگی لە لێدانی دڵ دروست بێت، بۆیە گرنگە ئەوەیش لە بەرچاو بگرن.
دواتریش پسپۆران ئامۆژگاریی رۆژووەوان و نەخۆشانی دڵ دەكەن كە هەرچی پێیان دەكرێ لە كاتی بەربانگدا، شكاندنی رۆژووەكەیان بە دەنگێك خورما و كووپێك ئاو دەست پێ بكەن. هاوكات خواردنیشیان بە دوو بەش پێڕەو بكەن، بۆ ئەوەیش وردە وردە سوود لە خواردنەكانیان وەربگرن و پاڵەپەستۆ نەخەنە سەر جەستە و دڵیان. هەرچی پێیان دەكرێ لەبری خواردنی سووركراوە، بایەخ بە خۆراكی برژاو و كوڵاو بدەن، لەوەیش زیاتر خواردنی سەوزەكان بكەنەبەر بایەخ. لە هەموو زیاتر بەرلە هاتنی مانگی رەمەزان، بۆ وەرگرتنی رێنوێنیی سەردانی پزیشكی تایبەت بە دڵ بكەن.