لە رۆژانی مانگی رەمەزان و بەتایبەتی ئەوانەی بە رۆژوو دەبن، سیستمی خواردن و خواردنەوەیان گۆڕانكاریی بەسەر دێت، لە ئێوارە تا پاشێوە دەتوانن خواردن بخۆن و ئاو بخۆنەوە، بە درێژایی رۆژیش دەبێ لێیان دوور بكەونەوە. بەتایبەتی رۆژووەوان بەتایبەتی لە كەشی گەرمدا زیاتر توینییان دەبێت و لە كاتی بەربانگدا ئەگەری زۆرە ئاوێكی زۆر بخۆنەوە. پسپۆرانی بواری خۆراكیش ئەوە بە زیانێكی زۆر بۆ جەستە دەگێڕنەوە.
پێگەی
"ئەهرام"ی میسری زانیارییەكانی لە وەرگرتووە كە پسپۆرانی بواری خۆراك قسەیان بۆ كردووە، رۆشنایی زیاتریان خستووەتە سەر ئەوەی كە ئەگەر كەسی رۆژووەوان لە بەربانگدا بەهۆی توینێتیی ئاوی زۆر بخواتەوە، زیانی زۆر بە جەستەی دەگەیەنێت، جیا لەوەی جەستە سوود لەو ئاوە نابینێت و ناتوانێ جەستە بە درێژایی رۆژ بە تەڕی بهێڵێتەوە، چونكە زۆربەی ئەو ئاوە زیاتر دەبێتە میز و فڕێ دەدرێت، بۆیە ئامۆژگاری دەكەن كە خواردنەوەی ئاو لە نێوان بەربانگ و پاشێو، بە چەند قۆناغێك بێت تا جەستە سوودی لێ ببینێت.
پسپۆران زیاتر دەڵێن، بەتایبەتی لە كەشی گەرما و لە مانگی رەمەزاندا بۆ ئەوانەی بە رۆژوو دەبن، بەدڵنیاییەوە هەست بە توینێتیی زۆر دەكەن، بۆیە زۆرن ئەوانەی تا قەرەبووی ئاو بۆ جەستە بكەن، لە بەربانگدا ئاوێكی زۆر دەخۆنەوە، لە كاتێكدا جەستە خۆی پێویستیی بەو ئاوە زۆرە نییە، لەبەرئەوەی زۆربەی ئاوەكە دەبێتە میز و فڕێ دەدرێت. جیالەوەی دەبێتە هۆی داهێزرانی جەستە و لە رووی تەندروستیشەوە سوودی لێ نابینێت.
ئەوەیش دەڵێن، گورچیلە كە پێویستیی بە ئاو و شلەمەنییە، بەڵام پێویستییەكەی بەو شێوەیە نییە ئاوێكی زۆر بخورێتەوە، بەڵكو بە قۆناغ و وردە وردە سوود لە شلەمەنی و ئاو دەبینێت، ئەوە بۆ تەواوی جەستەیش بەهەمانشێوەیە، بۆیە گرنگە ئەو ئاوەی دەخورێتەوە، وردە وردە بێت و ئاوێكی زۆر بە یەكجار نەخورێتەوە، واتە كاتێك بەربانگ دەكەنەوە، دەتوانن یەك پەرداخ ئاو بخۆنەوە و بەدوایدا خواردن بخۆن، بەدوایدا وردە وردە ئاو بخورێتەوە كە ئەویش لە ماوەی چەند سەعاتێكدا رێژەیەك ئاو بخورێتەوە.
ئاماژە بەوەش دەدەن، كاتێك بە درێژایی رۆژ جەستە لە خواردن و خواردنەوە دوور دەكەوێتەوە، ئەوكات پێویستیی بە خواردن و خواردنەوەی هاوسەنگ دەبێت، كاتێك شلەمەنییەكی زۆر و ئاوی زۆر بە خێرایی دەچێتە جەستەوە، بەر لە هەر شتێك كەسەكە هەست بە تێربوون دەكات بەبێ خواردن، بەوەیش جەستە تووشی داهێزران و نائاسوودەیی دەبێت، هاوكات جەستە ناتوانێ تەواوی ئاوەكە كۆگە بكات، دواتریش بەبێ سوودوەرگرتن لە رێگەی میزەوە فڕێ دەدرێتە دەرەوە.
بۆ ئەوەیش پسپۆران ئامۆژگاری دەكەن كە باشترین شت ئەوەیە لە ماوەی چەند سەعاتێكدا، شەش تا هەشت پەرداخ ئاو بخورێتەوە، ئەوەیش لە نێوان بەربانگ و پاشێودا، زۆریش هەن لە پاشێو و لە دوا ساتەكاندا ئاوێكی زۆر دەخۆنەوە، ئەوەیش بەهەمانشێوە سوود لەو ئاوە بۆ تەڕیی جەستە نابینن، بۆیە قۆناغ بە قۆناغ ئاو بخورێتەوە، لەلایەك گورچیلە سوودی لێ دەبینێ و لەلایەكی تریشەوە جەستە بەشێوەیەكی گشتی.
ئەوەیش دەڵێن كە هەرچی پێتان دەكرێ خۆتان لە خواردنەوە دەوڵەمەند بە كافاینەكان دوور بخەنەوە، كە ئەوەیش سەرچاوەیەكی سەرەكیی شلەمەنییەكانە، چونكە بۆ زۆر كەس خواردنەوە كافاینییەكان، شلەمەنیی لە جەستەیاندا كەمتر دەكاتەوە. بەتایبەتی ئەگەر زۆریان لێ بخۆنەوە.
پسپۆران ئامۆژگاریی ئەوەیش دەكەن كە مەرج نییە تەنیا بە خواردنەوەی ئاو خۆتان تێر بكەن، دەتوانن لەبری ئەوە بایەخ بە خواردنی خەیار، ترێ، پرتەقاڵ، كاڵەك و ئەو میوانە بدەن كە بە ئاو دەوڵەمەندن، هەموو ئەوانە بۆ تەڕیی جەستە زۆر بەسوودن.