"كردەی سێكس مرۆڤ لە تووشبوون لە شێرپەنجەی پرۆستات ناپارێزێت"

:: AM:11:26:08/03/2026 ‌
پسپۆرێكی تایبەتی بواری میزەڕۆ لەبارەی كردەی سێكس و سوودەكانی بۆ نەخۆشیی پرۆستات و دووركەوتنەوە لە شێرپەنجە روونی كردووەتەوە، كردەی سێكس بەهیچ شێوەیەك مرۆڤ لە تووشبوون بە شێرپەنجەی پرۆستات ناپارێزێت، بەڵكو زۆر چارەسەر بۆ ئەو بوارە هەیە كە پێوەندییان بە سێكسەوە نییە.

پێگەی "شەفەق نیوز" كە رۆشنایی خستووەتە سەر لێدوانێكی دمێتری جۆراڤسكی پزیشكی تایبەت بە میزەڕۆ كە لەبارەی شێرپەنجەی پرۆستات كردووە، بەتایبەتی كاتێك باس لەوە دەكرێ كە كردەی سێكس، مرۆڤ لەو نەخۆشییە دوور دەخاتەوە. ئەو پزیشكەیش ئەو بۆچوونە رەت دەكاتەوە و دووپاتی دەكاتەوە، كردەی سێكس مرۆڤ لە شێرپەنجەی پرۆستات ناپارێزێت.

زیاتر دەڵێت، دروستە كە خۆشەویستی و كردەی سێكسی نێوان هەردوو رەگەز ژن و پیاو بۆ تەندروستی زۆر بە سوودە، بەڵام بەو شێوەیە نییە كە مرۆڤ لە شێرپەنجەی پرۆستات دەپارێزێت، بۆیە ئەو بۆچوونە باوە هەڵەیە و تووشبوون بە شێرپەنجەی پرۆستات پێوەندیی بە زۆر بواری ترەوە هەیە.

دووپاتی كردەوە كە لەگەڵ تێپەڕبوونی تەمەن، مرۆڤ تووشی نەخۆشیی پرۆستات دەبێت، بەڵام شێرپەنجەی ئەو نەخۆشییە پێوەندیی بە بۆماوەیی و ئاستی هۆرمۆنەكان، جۆری ژیانكردن یاخۆ هەوكردنی درێژخایەن هەیە.

ئەو پزیشكە ئەوەی روون كردەوە كە زۆر پێویستە لە تەمەنی 45 ساڵییەوە پشكنین بۆ پرۆستات بكرێت، تا ئەگەر كێشە لەو بوارەدا هەبێت، وەك سەرەتا چارەسەر بكرێت تا مرۆڤ تووشی شێرپەنجەی پرۆستات نەبێت.

دواتریش دووپاتی دەكاتەوە كە بەهیچ شێوەیەك بەڵگەیەكی زانستی لە بەردەست نییە كە كردەی زۆری سێكس، پێوەندیی بە تووشنەبوون بەو نەخۆشییەوە هەبێت. بۆ دووركەوتنەوە لەو نەخۆشییە، زۆر گرنگە لە جگەرەكێشان و دڵەڕاوكێ دوور بكەونەوە، هەروەها بایەخ بە راهێنانی جەستەیی بدرێت و لەگەڵیدا سیستمی خۆراكی هاوسەنگ رێكبخرێت.




وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د